
کڵێسایەکی مەسیحیەکان لە عێراق
سبەی
لە وڵاتێكدا كە شارستانیەتەكان لەدایكبوون و پێش ئەوەی نەخشەی وڵاتان دابڕێژرێت ئاینەكان پێكەوە ژیاون، بوونی مەسیحیەكان لە عێراق وەكو زەنگی جەژنی سەری ساڵی كڵێساكانی لێهاتووە و بەهۆی ئەو هەموو قەیرانەوە تەنها دەنگەكەی ماوە.
لەسەر زەمینی عێراق بە زمانە جیاوازەكان نوێژ و نزا دەكرا، سەری ساڵ تەنها رۆژێكی ئاسایی نەبوو تێپەڕێت، بەڵكو رۆژێكی زیندوو بوو كە خۆشی و ناخۆشیەكان تێكەڵ دەبوون، باسەكە لەبارەی مەسیحیەكانە كە بەشێكی جیانەكراوەن لە مێژووی عێراق.
چیرۆكی بوونی مەسیحیەكان لە عێراق
لە 25 ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك، مەسحیەكان لەسەرتاسەری جیهان یادی لەدایكبوونی مەسیح دەكەنەوە، لە رێورەسمێكی ئاینی و مرۆیی كە مێژووەكەی بۆ سەدەی چواری زاینی دەگەڕێتەوە، دواتریش ئەم رۆژە بە جەژنی كریسمس دیاریكرا.
مەسیحیەكان مێژوویەكی دێرینیان هەیە لە عێراق، بەڵام شەپۆلی توندوتیژ ی و تیرۆر كە لە دوای 2003 ەوە عێراقی گرتەوە، وایكرد دووبارە نەخشەی دابەشبوون و ژمارەیان لە عێراق گۆڕانكاری بەسەردابێت، زۆرێك لە مەسیحیەكانی عێراق بەرەو هەرێمی كوردستان ئاوارەبوون، بەتایبەتیش هەولێر و دهۆك، بەشێكیشیان چوونە وڵاتانی دراوسێ وەكو ئوردن و لوبنان و توركیا، بەشێكیشیان كۆچكردنیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا هەڵبژارد، ئەوەش لەپێناو ژیانێكی پارێزراو و سەقامگیر.
ئەو كۆچپێكردن و ئاوارەبوونەی مەسیحیەكان وایكرد ژمارەیان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو لەناوچە مێژووییەكەیان داببەزێت، بەوەش زیان بەر پەیوەستبوونە كۆمەڵایەتی و ئابوریەكەیان كەوت، جگە لەوەی وایكرد بۆشاییەك لە دیمەنی ناوخۆیی دروستببێت بەهۆی ئەو پێگەیەی مەسیحیەكان لە عێراق هەیانبوو.
ژمارە و داتاكان
بەپێی دواین هەڵسەنگاندن و ئامارەكان، ژمارەی ئەو مەسیحیانەی لە عێراق ماونەتەوە لەنێوان 200 بۆ 250 هەزار كەسە، بەراورد بە نزیكەی ملیۆن و نیوێك مەسیحی پێش ساڵی 2003، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانكارییە دیمۆگرافیەیە كە دژ بە مەسیحیەكان لە عێراق روویداوە.
كەمبوونەوەی دانیشتوانی مەسیحی لە عێراق لەكاتێكدایە، كۆنترین پێكهاتەی ئاینین لە وڵاتی نێوان دوو رووبار، مەسیحیەكان لەسەرەتای سەدەی یەكەمی زاینییەوە هاتوونەتە ناوچەكە، زیاتر بە سریانی و ئاشوری و ئەرمەنی ناسراون، بوونی خۆیان لە شارە كۆنەكانی وەكو موسڵ و دەوروبەری لەگەڵ بەغداد و بەسرە پاراستبوو، ساڵانێك ئەوان رۆڵی گرنگیان هەبوو لە ژیانی رۆشنبیری و فێركردن و ئابوری عێراق.
بەرەنگاربوونەوە و پەراوێزخستنی مەسیحیەكان
لەم ساڵانەی دواییدا یادی لەدایكبوونی مەسیح یاخود ئاهەنگی سەری ساڵ لە بیرەوەری مەسیحیەكاندا زیاتر بیرخەرەوەی مەینەتی و ئازارەكانیان بوو، چونكە لە دوای 2003 ەوە مەسیحیەكان روبەڕووی شەپۆلێك پێشێلكاری و تیرۆر بوونەوە، لە تشرینی یەكەمی 2010 توندوتیژی بەرامبەر مەسیحیەكان گەیشتە لوتكە كاتێك رێكخراوی قاعیدە كڵێسای سەیدە نەجاتی لەناوەراستی بەغداد بە ئامانج گرت و دەیان نوێژخوێنی مەسیحی بە بارمتەگرت، دواتر نزیكەی 60 مەسیحی كوژران و دەیانی دیكەش برینداربوون، ئەمەش یەكێك بوو لە مەترسیدارترین هێرشەكان كە مەسیحیەكانی لە عێراق كردە ئامانج.
بەپێی راپۆرتی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق لە ئاداری 2021، لە عێراق تەنها 250 هەزار مەسیحی ماونەتەوە، لەكاتێكدا ژمارەیان پێش 2003 نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار كەس بووە.
راپۆرتەكان ئاماژە بەوەدەكەن، لەنێوان ساڵانی 2003 تا 2014 ، 1315 مەسیحی لە عێراق كوژراون، نزیكەی 130 هەزار مەسیحیش ئاوارەبوون و 161 كەسیشیان لە سەردەمی دەسەڵاتی داعش لە موسڵ لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2017 رفێندراون.
مەسیحیەکان لە دەستوردا
لە عێراق 14 پێكهاتەی مەسیحی بە فەرمی دانیان پێدانراوە، كە زیاتر بوونیان لە بەغداد و نەینەوا و هەرێمی كوردستانە، لەوانەش پێكهاتەكانی كلدان، سریان، ئاشوری و ئەرمەنی.
بەپێی هەڵسەنگاندنەكان، سێ كڵێسای یۆنانی ئەرسەدۆكسی و چوار كڵێسای قیبتی ئەرسەدۆكسی لە بەغداد هەن، لەگەڵ 57 كڵێسای رۆمە كاسۆلیكەكان لە پارێزگا جیاوازەكان، لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی كەم لە پرۆتستانتە مەسیحیەكان.
لە پێنجی ئاداری 2021، عێراق رووداوێكی مێژوویی بۆ مەسیحیەكان بەخۆوە بینی، ئەویش یەكەم سەردانی پاپا فرەنسیس پاپای فاتیكان بوو، لە سەردانەكەدا بانگەوازێكی مرۆیی كرد و داوای بێدەنگكردنی چەكەكانی كرد، ئەویش پەیامێك بوو بۆ پشتیوانی پێكهاتەكان و پێكەوەژیانی ئاینەكان.
بەپێی ماددەی 125 ی دەستوری عێراق، پێویستە مافی ئیداری و سیاسی و رۆشنبیری و فێربوونی كەمینە نەتەوایەتی و ئاینیەكان بپارێزرێت، ماددەی 41 ی دەستوریش ئاماژەی بەوەكردووە پێویستە رێز لە پێناسەی كەسیی بیروبۆچوون و ئاینەكان بگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ماددەی 43 باس لەوەدەكات پێكهاتە و ئاینەكان ئازادن لە بەڕێوەبردنی رێورەسمەكانیان و پەیڕەوكردنی بیروباوەڕەكانیان.
