باندێکی مەترسیداری کورد، مێردمنداڵانی پەنابەر بۆ کارە تاوانکارییەکانیان بەکاردەهێنن

#رەوا مەجید#فۆکسترۆت#سوید
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • بۆ گەنجان، وڵاتی سوید گۆڕاوە بۆ مەترسیدارترین شوێنی ئەوروپا. بەپێی ئامارەکانی حکومەت، ساڵی رابردوو، 45 رووداوی توندوتیژی خوێناوی چەکی تێدا بەکارهێنراوە و لە نیوەی رووداوەکاندا کوشتنی تێدا تۆمار کراوە
  • کەسێک بە ناوی خوازراوی ئالانەوە کە تەمەنی تەنها 16 ساڵانە، کاری بۆ باندەکەی رەوا ئەمین، سەرۆکی باندی "فۆکسترۆت" کردووە و قسەی بۆ ناشناڵ کردووە
  • . ئامانجی باندەکە لە سپاردنی کارە تاوانکارییەکان بە گەنجانی خوار 15 ساڵ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەپێی یاساکانی سوید کەسانی خوار 15 ساڵ دادگایی ناکرێن بەهۆی تاوانەکانیانەوە
Primary Asset

رەوا مەجید و ئالان

سبەی

بۆ گەنجان، وڵاتی سوید گۆڕاوە بۆ مەترسیدارترین شوێنی ئەوروپا. بەپێی ئامارەکانی حکومەت، ساڵی رابردوو، 45 رووداوی توندوتیژی خوێناوی چەکی تێدا بەکارهێنراوە و لە نیوەی رووداوەکاندا کوشتنی تێدا تۆمار کراوە. زۆربوونی رووداوەکانی تەقەکەکردن و کوشتن بەهۆی باندەکانەوە بووە، سەرۆکی دوو باندی گەورەش کوردن. بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ناشناڵ، گەنجانی خوار تەمەن 18 ساڵان بوونەتە ئامرازی دەستی باندە تاوانکارییەکان.

وەک لە راپۆرتەکەی ناشناڵدا هاتووە، کەسێک بە ناوی خوازراوی ئالانەوە کە تەمەنی تەنها 16 ساڵانە، کاری بۆ باندەکەی رەوا ئەمین، سەرۆکی باندی "فۆکسترۆت" کردووە و قسەی بۆ ناشناڵ کردووە.

وەک ئالان باسی لێوە دەکات، رەوا مەجید لە ئێران نیشتەجێیە و هەر لەوێوە سەرپەرشتیی کاری باندەکەی دەکات و فەرمانی تەقەکردن و سووتاندنی ماڵی رکابەرەکانی دەردەکات.

وەک لە راپۆرتەکەی ناشناڵدا هاتووە، ئالانی 16 ساڵان، یەکێکە لەو هەزاران گەنجەی سوید لەلایەن دوو باندی تاوانکارییەوە و لە بەرامبەر پارەدا کاری تاوانکارییان پێ ئەنجام دەدرێت. ئامانجی باندەکە لە سپاردنی کارە تاوانکارییەکان بە گەنجانی خوار 15 ساڵ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەپێی یاساکانی سوید کەسانی خوار 15 ساڵ دادگایی ناکرێن بەهۆی تاوانەکانیانەوە.

ئالان باسی ئەو کاتە دەکات کە یەکەمجار تێکەڵ بە باندەکەی رەوا مەجید بووە و دەڵێت: "بیستبووم رەوا سەرسامە پێم،" ئەوەش جگە لە پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆکی باندەکانی سویدوە، بۆیە "فۆکسترۆت"، بڕیار دەدەن خشڵێکی گرانبەها بە دیزاینی ڕێوی پێ بدەن، ئەوەش وەک پاداشتێک بۆ دڵسۆزییەکانی.

ئالان کە پەنابەرە، وەک خۆی باسی لێوە دەکات، لە قوتابخانە سووکایەتیی پێ کراوە لەلایەن کەسانی گەورەترەوە، بەڵام ژمارەیەک ئەندامی باندەکەی رەوا مەجید پارێزگاری لێکراوە، دواتر کاری فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکانی کۆکاین و حەشیشی پێکراوە، لە کاتێکدا کە تەمەنێکی کەمی هەبووە.

دوای ئەوەی بە تواناکانی سەرسام دەبن، دەبێتە بەشێک لە باندە تاوانکارییەکە.

ئالان دەڵێت: "دەستم کرد بە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی ماددەی هۆشبەرم لێ دەکڕن، لە هەمووان زیاترم دەفرۆشت،" لەوێوە لەلایەن ئەندامە پلە باڵاکانی فۆکسترۆتەوە پلەی بەرز دەکرێتەوە.

وەک ئالان باسی لێوە دەکات، دواتر ئەرکەکەی دەبێتە دۆزینەوەی مێردمنداڵی دیکە بۆ تەقەکردن لە نەیارەکانی گرووپەکەی رەوا و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە.

ئالان دەڵێت: "پێیان وتم، تۆ یان مێردمنداڵەکانی دیکە، دەتوانن خانووی کەسێک بتەقێننەوە؟ یان دەتوانیت مێردمنداڵی دیکەمان بۆ بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی کارمان بۆ بکات؟"

وەک لە راپۆرتەکەی ناشناڵدا هاتووە، ئالان دەڵێت: "کاتێک دەبیتە ئەندام لە باندە تاوانکارییەکان، دەبێت پارێزگاری لە پێگە و ناوی خۆت بکەیت، پێویستە کار بکەیت."

سەبارەت بە بڕی پارەی وەرگیراو لە بەرامبەر تاوانەکاندا، ئالان دەڵێت: "بۆ تەقەکردنێکی رێکخراو، هەر کەسێک نزیکەی چوار بۆ پێنج هەزار دۆلاری پێ دەدرێت، مێردمنداڵە تەقەکەرەکان نزیکەی 21 هەزار دۆلاریان پێ دەدرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان."

رەوا لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادایە

لە مانگی ئازاری ئەمساڵ، ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا باندی تاوانکاریی "فۆکسترۆت"ـی خستووەتە لیستی سزاکانییەوە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکادا هاتووە: تۆڕەکە لە سویدن، کاریان بازرگانیکردنە بە ماددەی هۆشبەر و چەک، هەروەها تۆمەتبارکراون بە هێرشکردنەسەر هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە ئەوروپا.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە تۆڕەکە لەلایەن رەوا مەجید، کە هاونیشتمانییەکەی کوردە سەرپەرشتی دەکرێت.

"رەوا مەجید بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیتڵاعاتی ئێران، لە کانوونی دووەمی 2024، هێرشی کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید"، بەپێی راپۆرتی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا.

وەزارەتی خەزێنە بڵاویکردەوە: "تۆڕی فۆکسترۆت لە مانگی یەکی ساڵی 2024 لەبری ئێران هێرشی کردووەتەسەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید. رەوا مەجید کە سەرکردایەتی باندەکە دەکات، بە تایبەتی لەگەڵ ئیتڵاعات و ئاسایشی ئێران هەماهەنگی کردووە. پێشتر ئیتڵاعات و ئاسایشی ئێران لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە چەندینجار سزا دراون. هەروەها رەوا مەجید بەرپرسیارە لە چەندین تاوان لە سوید کە پەیوەندییان بە ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە چەکەوە هەیە.

رەوا مەجید پێشتر لە ئێران دەستگیرکراوە

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا وەک میدیاکانی سوید بڵاویان کردەوە، رەوا مەجید لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە.

میدیای سوید ئەو کات بڵاویانکردەوە، "یەکێک لە گەورەترین مافیاکانی سوید لەسەر سنووری ئێران دەستگیرکراوە، دواتریش دەسەڵاتدارانی ئێران، حکومەتی سویدیان ئاگادار کردووەتەوە لە دەستگیرکردنی رەوا"، بەڵام حکومەتی ئێران رەتی کردەوە رەوا رادەستی سوید بکاتەوە.

رەوا مەجید کێیە؟

رەوا مەجید تەمەنی 39 ساڵە و سەرۆکی تۆڕێکی قاچاخچیی ماددەی هۆشبەرە بە ناوی فۆکسترۆت، لە سوید بە "رێوییە کوردەکە" ناودەبرێت و داواکراوێکی لەپێشینەیە بۆ پۆلیسی سوید.

دایک و باوکی رەوا مەجید لە بنەڕەتدا نیشتەجێی سلێمانی بوون، بەڵام رۆیشتوونەتە رۆژهەڵاتی کوردستان و رەوا لەوێ لەدایکبووە. دوای هەڵگیرسانی جەنگی عێراق و ئێران، رەوا و خێزانەکەی روویان لە وڵاتی سوید کردووە، مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی