سەرۆک کۆمار؛ دەسەڵات و ئیمتیازاتەکانی

#پۆستى سەرۆک کۆمار#عێراق#پارتى#یەکێتى
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دەستووری عێراق؛ سەرۆک کۆمار وەک سەرۆکی دەوڵەت و هێمای یەکگرتوویی وڵات دادەنێت. نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و بەرپرسە لە پارێزگاریکردن لە دەستوور و پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی عێراق.
Primary Asset

مووچە و ئیمتیازاتى سەرۆک کۆمار بەپێی یاسای مووچە و دەرماڵەى سەرۆکایەتى کۆمار دیاریکراوە، کە بە گشتى 12 ملیۆن دینارى مانگانەیە

سبەى

پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ جارى سێیەم بووەتە چەقى ناکۆکی نێوان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان، هەریەکەیان بە جیا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە گفتوگۆدان بۆ کۆکردنەوەى پشتیوانى و مسۆگەرکردنى پۆستەکە.

کێبڕکێى هەردوو حیزب لەسەر ئەو پۆستە دەبێتە خولى سێیەمى کێبڕکێی نێوانیان لەو بارەیەوە، دواى دوو خولى پێشوو لە هەشت ساڵى رابردوودا لەسەر ئەو پۆستە کە تا ئێستا لەدەستى یەکێتیدا ماوەتەوە.

پۆستى سەرۆک کۆمار

دەستووری عێراق؛ سەرۆک کۆمار وەک سەرۆکی دەوڵەت و هێمای یەکگرتوویی وڵات دادەنێت. نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و بەرپرسە لە پارێزگاریکردن لە دەستوور و پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی عێراق.

دەستوور، چوار مەرجى بۆ سەرۆک کۆمار دیاریکردووە کە بریتین لە: هاووڵاتییەکی عێراقی بێت لە دایک و دایک و باوکێک عێراقی، تەمەنی 40 ساڵى تەواو کردبێت، ناوبانگێکی باشى هەبێت لەگەڵ ئەزموونی سیاسی و بە دەستپاکی و ڕاستگۆیی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ میللەت ناسراو بێت. نابێت بە تاوانى شەرەف سزا درابێت.

هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەپێی دەستور، بەدەنگى زۆرینەى دوو لەسەر سێی ئەندامانى ئەنجومەنی نوێننەرانی عێراق دەبێت و ئەگەر هیچ کاندیدێک دەنگى پێویستى بەدەستنەهێنا، دوو کاندید کە خاوەنى زۆرترین دەنگن کێبڕکێ دەکەن و لە خولى دووەمى دەنگداندا کامیان زۆرترین دەنگیان هێنا دەبێتە سەرۆک کۆمار.

مووچە و ئیمتیازات

مووچە و ئیمتیازاتى سەرۆک کۆمار بەپێی یاسای مووچە و دەرماڵەى سەرۆکایەتى کۆمار دیاریکراوە، کە بە گشتى 12 ملیۆن دینارى مانگانەیە، بەو پێیەى مووچەى بنەڕەتى سەرۆک کۆمار هەشت ملیۆن دینارە لەگەڵ چوار ملیۆن دینارى دەرماڵە.

یاساکە مووچەى جێگرانى سەرۆک کۆمارى بە حەوت ملیۆن دینارى مانگانە و دەرماڵەى سێ ملیۆن دینار دیاریکردووە.

یاساکە رێوشوێنى مووچەى خانەنشینى سەرۆک کۆمارى دیاریکردووە، لەسەر بنەماى ساڵانى خزمەت لەنێوان 30%ـى مووچە و دەرماڵە تا 80%ـى مووچە و دەرماڵە.

بڕى مووچە و دەرماڵەى سەرۆکایەتى کۆمار هەمیشە پرسێکى جێگەى مشتومڕ بووە، بەشێک لە شارەزایان کۆى گشتى بە 90 ملیۆن دینارى مانگانە دەخەمڵێنن، بە لەبەرچاوگرتنى دەرماڵە جۆراوجۆرەکان. لەمانگى شوباتى ئەمساڵدا حەنان فەتلاوى ئەندامى پەرلەمانى عێراق پرسیارێکى پەرلەمانى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى کۆمار کرد کە بەپێی چى یاسایەک مووچەکەى لە 20 ملیۆن دینارەوە بۆ 27 ملیۆن دینار بەرزکردووەتەوە.

37 مليار دينار لە 10 مانگدا

بەپێی دوایین راپۆرتى وەزارەتى دارایی عێراق، کۆى خەرجى و مووچەى سەرۆکایەتى کۆمار لە 10 مانگى ئەمساڵدا، 37 ملیار و 334 ملیۆن دینار بووە، کە زیاتر لە 29 ملیار و 681 هەزار دینارى بۆ مووچە بووە، لەکاتێکدا کۆى خەرجى و مووچەى ساڵى رابردووى سەرۆکایەتى کۆمار زیاتر لە 38 ملیار و 447 ملیۆن دینار بووە.

بەپێی روانگەی ئابوری عێراق، 99%ـی ئەو خەرجییانە خەرجی بەکاربردنە، لەناویاندا (مووچە، گەشتکردن، پێداویستییە کارگێڕییەکان و خەرجی پاسەوانی) بەبێ هیچ چالاکییەکی یاسادانان و پڕۆژەیەکی دیاری جێبەجێکردن و خزمەتکردن.

روانگەکە بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتی کۆمار هیچ پڕۆژە یاسایەکی نوێی پێشکەش نەکردووە، تەنها سەرقاڵی پیشوازیی لە باڵیۆزە نوێیەکان و بەشداریی کۆنگرەکان بووە.

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان خەرجییەکان و سروشتی چالاکییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، گومان لەسەر توانای بەڕێوەبردنی سەرچاوەی دارایی گشتی و چالاکییەکان و خەرجییەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەردەخات.

دەسەڵاتەکان

دەستور زیاتر لە 10 دەسەڵاتى بۆ سەرۆک کۆمار دیاریکردووە کە دیارترینیان رەزامەندیدانە لەسەر داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە، یان دەنگدانى پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەى.

لەدواى رەزامەندیدان لەوبارەیەوە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، ئەنجومەنى وەزیرانیش بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و سەرۆک کۆمار دەبێت داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن بکات لەماوەى 60 رۆژدا.

دەسەڵاتەکانى دیکەى سەرۆک کۆمار بریتین لە، دەرکردنى لێبوردنى گشتى لەسەر راسپاردەى سەرۆک وەزیران، پەسەندکردنى پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، پەسەندکردنى یاساکان، داواکردنى بۆ بەستنى خولى نوێی پەرلەمان لەدواى هەڵبژاردنەوە، پەسەندکردنى باڵیۆزەکان، سزاکانى لەسێدارەدان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی