
سبەی
نزیكەی ساڵێك بەسەر دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا تێپەر دەبێت، بە چاوپێخشاندنێك بەسەر كەسانی نزیك لە ترەمپ دەردەكەوێت كە بڕیاردەرانی ئێستای ئەمەریكا نەك تەنها دیپلۆماتكارانی بەئەزموون و نەریتی نین، بەڵكوو زنجیرەیەكن لە دەڵاڵەكانی خانوبەرە و بازرگان و كەسانی توندڕەو كە خۆیان بەسەر دیپلۆماسی جیهانیدا سەپاندووە.
ماڵپەری فۆرن پۆڵەسی، لە راپۆرتێكدا بە بۆنەی نزیكبوونەوە لە یەكەمین ساڵی دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی، تیشك دەخاتە سەر كەسانی نزیكی سەرۆكی ئەمەریكا كە رۆڵێكی گرنگیان لەو ماوەیەدا لە داڕشتنی بڕیارەكان و دیپلۆماسی واشنتن گێڕاوە.
ویتكۆڤ: بازرگانی خانوبەرە و هاوڕێی بێ ئەزموونی ترەمپ
بەگوێرەی راپۆرتی فۆرن پۆڵەسی، ستیڤ ویتكۆف، وەبەرهێنەر و بەڵێندەری خانووبەرە و دۆستی نزیكی دۆناڵد ترەمپ، خۆی وەك گرنگترین دەڵاڵی دیپلۆماسی لە خولی دووەمی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا جێگیر كردووە. لە ئێستادا سەرپەرشتی بەشێك لە گرنگترین دۆسییەكان دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا جەنگی روسیا و ئۆكراین.
ویتكۆف پێشتر هیچ ئەزموونێكی دیپلۆماسی نەبووە، بەڵام هەندێك دەستكەوتی بە ناوی خۆیەوە تۆمار كردووە لەوانەش لە مانگی شوباتی 2025دا بە سەركەوتوویی دانوستانەكانی بۆ ئازادكردنی مامۆستایەكی ئەمەریكی گەیاندە ئەنجام كە لە روسیا زیندانی كرابوو. لەوەش گرنگتر، لەگەڵ جارێد كوشنەر (زاوای ترەمپ) رۆڵی سەرەكی بینیوە لە گەیشتن بە رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە، رێككەوتنێك كە بە شێوەیەكی كاریگەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماسی راگرت، كە لە ئۆكتۆبەری 2023 دەستی پێكرد، بەڵام لە پرسی شەڕی روسیا و ئۆكراین هەوڵەكانی ویتكۆڤ تا ئێستا ئەنجامێكی بەرچاوی نەبووە.
روبیۆ: لە پەراوێزەوە بۆ ناوەندی دەسەڵات
ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە مانگەكانی سەرەتای خولی دووەمی ترەمپدا، تا رادەیەكی زۆر لە پەراوێزدا بوو، بەتایبەتی كاتێك ویتكۆڤ بەرپرسیارێتی چەندین دۆسیەی گرنگی بەدەستەوە بوو، بەڵام ئێستا روبیو بووەتە یەكێك لە ئەندامە كاریگەرەكانی كابینە و جێگەی متمانەی دۆناڵد ترەمپ، تا ئەو جێگایەی كە سەرۆكی ئەمەریكا روبیۆی بە "گەورەترین وەزیری دەرەوە لە مێژووی ئەمەریكادا" پێناسە كردووە.
روبیۆ تەنها وەزیری دەرەوە نییە، بەڵكو راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیشە، لە دوای هێنری كیسینجەرەوە یەكەم كەسە كە لە یەك كاتدا هەردوو پۆستەكەی بەدەستهێناوە.
هێگسێت: ئەندازیاری ئاڵۆزییەكان
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریكا كە بە دروشمی گەڕانەوەی رۆحی جەنگاوەری بۆ ناو سوپای ئەمەریكا دەستی بەكار كرد، گۆڕانكاری گەورەی لە پێكهاتەی سوپای ئەمەریكا دروستكرد، لە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگریی بۆ وەزارەتی جەنگ تا وەكو دوورخستنەوەی سەربازە هاورەگەزخوازەكان لە پێكهاتەی سوپادا، لەگەڵ سنورداركردنی توندی دەستڕاگەیشتن بە میدیاكان بۆ زانیارییە سەربازییەكان، بەڵام دزەكردنی بەشێك لە زانیارییەكانی هێرش بۆ سەر حوسییەكان لە مانگی ئازاردا لە گروپێكی واتسئاپی لە رێگەی هێگسێتەوە مشتومڕی زۆری لێكەوتۆتەوە، چەند سەرچاوەیەك باسیان لەگەری دوورخرانەوەی لە پۆستەكەی كردووە.
ڤانس، رەخنەگرێكی سەرسەختی ئەوروپا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە ماوەی یەك ساڵی رابردوو هەوڵێكی زۆری داوە بۆ كەمكردنەوەی پشتیوانی ئەمەریكا بۆ ئەوروپا و سەپاندنی رێكاری توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچبەری.
سەرەتای ئەمساڵ، ڤانس لە میانی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ترەمپ لە كۆشكی سپی، بە ئاشكرا رەخنەی لە سەرۆكی ئۆكراینا گرت و سەرۆكی ئۆكراینی بەوە تۆمەتبار كرد، بە رادەی پێویست سوپاسگوزاری ئەمەریكای نەكردووە بۆ یارمەتییە بەردەوامەكانی لە ئۆكراین.
ڤانس لایەنگری جددی سیاسەتی "ئەمەریكا بەهێز بكەینەوە"یە، خوازیاری سنورداركردنی توندی یارمەتییەكانی ئەمەریكایە بۆ ئۆكراین و دژایەتی هەرجۆرە دەستوەردانێكی ئەمەریكا دەكات لە وڵاتانی دەرەوە.
كۆشنەر: زاوایەكی دیپلۆماتكار
جارید كۆشنەر، بە پێچەوانەی خولی یەكەم لە خولی دووەمی ترەمپدا كەمتر دەركەوتووە و نازناوی فەرمی "راوێژكاری تایبەت"ی نییە، بەڵام لە دوو دانوستانی گەورەی دیپلۆماسی ئەمساڵدا شانبەشانی ستیڤ ویتكۆف رۆڵێكی سەرەكی بینیوە.
لە مانگی تشرینی یەكەمدا كۆشنەر گەشتێكی بۆ ئیسرائیل ئەنجامدا، بەمەبەستی بە ئەنجام گەیاندنی رێككەوتننامەی ئاگربەستی غەززە و دواتر بە جیا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كۆبووەوە.
هەروەها كۆشنەر و ویتكۆف لە مۆسكۆ لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا كۆبوونەوە، دواتر پەیوەندییان بە ڤۆلۆدمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرایناوە كرد بۆ درێژەدان بە دانوستانەكانی ئاگربەست بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگ.
بێسانت؛ لایەنگری جددی جەنگە بازرگانییەكان
سكۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا، هاوشێوەی زۆرێك لە سەرۆكەكانی پێش خۆی، یاریزانێكی سەرەكییە لە سیاسەتی دەرەوەی حكومەتدا، لە ساڵی دووەمدا رۆڵی ئەویش زیاتر دەبێت.
بێسانت لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە سەرنجی زۆری لەسەر جەنگە بازرگانییەكان بووە، ئێستا باج وەك ئامرازێك بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی دیكە دەبینێت. شەڕە بازرگانییەكانی ترەمپ ئەنجامێكی گەورەیان نەبووە، هاوسەنگی بازرگانی تێكچووە و هێشتا رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەوروپا و چین و بەریتانیا نەگەیشتووەتە ئەنجام، بەڵام بێسانت وەك لایەنگرێكی بەهێزی ئەم رێبازە ماوەتەوە. وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا هەروەها رۆڵێكی بەرچاوی گێراوە لە دانوستانە بازرگانییە مشتومڕاوییەكان لەگەڵ چین.
میلانیا ترەمپ: رۆڵی نافەرمی، بەڵام كاریگەر
میلانیا ترەمپ، خانمی یەكەمی ئەمەریكا، لە خولی دووەمی ترەمپدا زیاتر لە جاران رۆڵی لە سیاسەتی دەرەوەدا بینیوە، بەتایبەتی لەسەر پرسی شەڕی روسیا و ئۆكراینا.
میلانیا كە بە رەچەڵەك خەڵكی سلۆڤینیایە، خۆی تەرخان كردووە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەكان بۆ گەڕاندنەوەی هەزاران منداڵی ئۆكراینی.
حكومەتی ئۆكراینا روسیای تۆمەتبار كردووە بە رفاندنی لانیكەم 19 هەزار منداڵی ئۆكراینی. خانمی یەكەمی ئەمەریكا، بە ئاشكرا فشاری دەستپێكردووە بۆ ئازادكردنی منداڵە ئۆكراینییەكان، لەوانەش نووسینی نامەیەكی كەسیی بۆ ڤلادیمیر پوتین.
لە ئۆكتۆبەری 2025 میلانیا رایگەیاند، كەناڵێكی راستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ سەرۆكی روسیا دامەزراندووە و راستەوخۆ دانوستانی لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ كردووە.
