تانكەكان خانەنشین دەبن و درۆنەكان فەرمانرەوایی جەنگ دەكەن

#ئۆکراینا#روسیا#ئەوروپا#ئەمەریکا#درۆن#تانک
2 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • لە كاتێكدا شەری ئۆكراینا و روسیا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە، وانەی زۆری بۆ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پێبووە، لەوانەش گرنگی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و هێزی بەرگریی ئاسمانی كە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان لەو جەنگەدا گێڕاوە.
Primary Asset

سبەی

لە كاتێكدا شەری ئۆكراینا و روسیا زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە، وانەی زۆری بۆ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پێبووە، لەوانەش گرنگی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و هێزی بەرگریی ئاسمانی كە رۆڵێكی یەكلاكەرەوەیان لەو جەنگەدا گێڕاوە.

ماڵپەری یۆرۆنیوز، لە راپۆرتێكدا بە ئاماژەدان بە جەنگی ئۆكراینا و روسیا، پرسی كۆتایی هاتنی یارمەتییەكانی ئەمەریكا بۆ ئۆكراین تاوتوێ دەكات، جەخت دەكاتەوە وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆ پێویستە چ وانەیەك لەو جەنگە و هەروەها شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل وەربگرن بۆ ئەوەی خۆیان لە ئەگەری هێرشەكانی روسیا بپارێزن، بەتەنها و بەبێ یارمەتییەكانی ئەمەریكا بەرگریی لە خاكەكەیان بكەن.

لە بەشێكی راپۆرتەكەی یۆرۆنیوز باس لە شۆك بوونی وڵاتانی ئەوروپی دەكات، دوای ئەوەی وەزیری جەنگی ئەمەریكا هۆشداری دا لەوەی ئەوروپا پێویستە تا وەكو ساڵی 2027 بەتەنها و بەبێ یارمەتی ئەمەریكا بەرگریی لە خاكەكەی بكات.

ئەوەش لە كاتێكدایە، ئەگەری پێكدادانێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا لە هەردوو دیوی سنور لە ئارادایە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیا لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمدا هۆشداریی داوە و رایگەیاندووە ئەگەرچی روسیا بەنیازی شەڕ لەگەڵ ئەوروپا نییە، بەڵام ئەگەر ئەوروپا دەست پێ بكات، ئەوان هەر ئێستا ئامادەیی ئەو شەڕەیان هەیە.

نیگەرانییەكان لە كۆتایی هاتنی پشتیوانی ئەمەریكا و گۆشەگیری زیاتر، ئەوروپای ناچار كردووە وانە لە گرنگترین جەنگ وەربگرێت، كە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لەسەر خاكەكەی روویداوە. 

ئەوروپییەكان ئاگاداری بابەتێكی سەرەكین، ئەویش بەرگریی و هێزی ئاسمانییە، بەبێ هێزێكی لەو شێوەیە تانكەكانی وڵاتانی ئەوروپا بەرەوڕووی شەپۆلێكی هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەبنەوە.

لە كاتی لەشكركێشییە بەرفراوانەكەی روسیا بۆ سەر ئۆكراینا لە شوباتی 2022 ، سروشتی شەڕ لە بنەڕەتدا گۆڕاوە و تا دێت تانكەكان لە هێڵەكانی پێشەوەی جەنگ دوور دەكەونەوە، تانكی گرانبەهای روسی T-14 Armata هەرگیز لە هێڵی پێشەوە جێگیر نەكرا و هاوكات تانكەكانی وێستەرن لیۆپارد و ئێم 1 ئەبرامزی ئەمەریكی نەیانتوانیوە لە جەنگدا رۆڵێكی گرنگ بگێرن.

جەنگی چەكداری دەگۆڕێت بۆ ململانێ لەگەڵ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان

لە ئێستادا شارەزایانی سەربازیی روسیا و ناتۆ پرسیار دەكەن، ئایا خەرجكردنی ملیارەها دۆلار بۆ ئەو ئامرازە جەنگییانە كە لەبەرانبەر فرۆكەی بێ فڕۆكەوان بە تێچوویەكی سەدان جار هەرزانتر بەرهەم دەهێندرێن لەناودەچن، چ مانایەكی هەیە؟

یوری بالۆیڤسكی، سەرۆكی پێشووی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی روسیا و روسلان پۆژۆڤ، ڕاوێژكاری وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، لە وتارێكدا رایانگەیاندووە "جەنگی چەكداری تاڕادەیەكی زۆر دەگۆڕێت بۆ ململانێی باڵادەستی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە ئاسماندا".

روسیا بەنیازە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی تانكە سەرەكییەكانی شەڕكەر جۆری T-90M دوو هێندە بكات، بەپێی بەڵگەنامە بڵاوكراوەكانیش دەیەوێت لە نێوان ساڵانی 2027 بۆ 2029 هەزار و 118 تانكی جۆری جیاواز بەرهەمبهێنێت و مۆدێرنیان بكات، هاوكات ئەمەریكا جۆرێكی نوێی M1 Abrams كە توانای بەرگریی لەبەرانبەر فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان هەیە بەرهەم دەهێنێت، ئەوروپاش هەوڵی پەرەپێدانی تانكی جۆری  MARTE دەدات.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە ئاسماندا كێبڕكێكە تەواو جیاوازە، جگە لە مانگە دەستكردە سەربازییەكان، واشنتن زیاتر لە 7800 مانگی دەستكردی بازرگانی ستارلینكی هەیە.

هاوكات ئەوروپا دووەم گەورەترین تۆڕی نێودەوڵەتی یوتێلساتی هەیە كە زیاتر لە 650 مانگی دەستكرد لەخۆ دەگرێت.

روسیا پێشبینی دەكات تا ساڵی 2030 بتوانێت 292 یەكەی رۆسكۆسمۆس كە جۆرێكە لە سیستمی پەیوەندییە سەربازییەكان و رێنماییكردن، كارابكات.

پۆژۆڤ دەڵێت: دروستكردنی تانك بەفیڕۆدانی پارەیە و هەڵە و تاوانێكی گەورەیە، دەشڵێت فڕۆكەی بێ فرۆكەوان لە ئێستادا جۆری جەنگیان گۆڕیوە و شەڕی راستەوخۆ كۆتایی هاتووە.

لە بەرانبەردا خوان رۆدریگێز گارات، دەریاوانی ئیسپانی، لەگەڵ پوژۆڤ و سەرۆكی پێشووی ئەركانی گشتیی روسیادا ناكۆكە. ناوبراو دەڵێت: شەڕی ئۆكراینا لە روانگەی ڕۆژئاواوە ناوازەیە: دوو سوپای بەهێز لەسەر زەوی شەڕ دەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ كامیان بتوانن هێزی ئاسمانی خۆیان بەكاربهێنن.

سیستمی بەرگریی ناكارامە

روسیا كاتێك هێرشی كردە سەر ئۆكراینا، باڵادەستی ئاسمانی نەبوو، بەڵام بۆردومانەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەریخست، كە سیستمی بەرگریی ئاسمانی رۆڵێكی گرنگیان هەیە.

سەرەرای ئەمەی فڕۆكەی جەنگی F-35ی ئەمەریكی بالادەستی بەسەر فڕۆكەی جەنگی سوخۆی روسیدا هەیە، هەندێك لە شارەزایانی رۆژئاوا ئاماژە بە جیاوازییەكی ستراتیژی سەرەكی دەكەن: پلانی ئیسرائیل بەدەستهێنانی باڵادەستی ئاسمانی بوو، بەپێچەوانەوە روسیا هێزی ئاسمانی خۆی بۆ پشتیوانیكردنی  ئۆپەراسیۆنە زەمینیەكانی بەكاردەهێنێت.

كێندڵ وارد و ئەلێكساندەر پاڵمەر، لە ناوەندی لێكۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەكان و جێرمی شاپیرۆ لە ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەوروپا، هەردوو شەڕەكەیان شیكردەوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، هەواڵگری ئیسرائیل لە ناسینەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی گەڕۆكی دوژمن و لەناوبردنی فەرماندەیی باڵای ئێران لە هێرشە سەرەتاییەكاندا سەركەوتوو بووە.

شاپیرۆ لە راپۆرتەكەیدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ناتۆ روبەڕووی ئەگەری دووریی هێرشی سەربازی روسیا دەبێتەوە بۆ سەر لای رۆژهەڵاتەكەی و پێویستە لە سەركەوتنی ئیسرائیل فێربێت".

فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەرگریكار

ویلیام كۆرناتی، توێژەر لە سەنتەری راند دەڵێت: ئۆكراینا زۆر شتی هەیە بۆ فێركردنی هاوپەیمانەكانی. ئاماژەی بەوەشكردووە، "چەند رێگەیەكی كەم تێچوو هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، پەرەپێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەرگریكار دەتوانێت بژاردەیەكی سەركەوتووبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان.

هەروەها دەریاوان گارات دەڵێت "گرنگترین بابەت ئێستا ئامادەكردنی هێڵەكانی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرەیە لە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان  لە ئەوروپا بەخێرایی و بە رێژەیەكی زۆر".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی