
محەمەد كازم ئال سادق
سبەی
باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند گروپە چەكدارەكانی عێراق نیگەرانن لەوەی پێشنیاز بۆ سنورداركردنی چەك لە دەست حكومەتدا، كاردانەوەی نەخوازراوی لێبكەوێتەوە، جەختیشی كردەوە" ئەم گروپانە گەیشتوونەتە قۆناغێك كە بۆخۆیان بڕیار لە چارەنوسیان دەدەن، دەشڵێت" گروپە چەكدارەكانی عێراق بریكاری ئێران نین".
لە كاتێكدا پرسی چەكدانانی گروپە چەكدارەكانی عێراق و داهاتووی ئەم گروپانە، ئاڵۆزی و مشتومری زۆری لێ كەوتۆتەوە، باڵیۆزی ئێران لە بەغداد رەتیدەكاتەوە ئەم گروپانە سەر بە ئێران بن.
محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغداد لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵی دیجلە بەئاماژەدان بە پێگەی گروپە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند: ئەم گروپانە بریكاری ئێران نین و ئەوە بێرێزییەكە كە پێیان دەكرێت". جەختیش لەوە دەكاتەوە "پشتیوانییەكانی ئێران لەو گروپانە لە كاتی شەڕی داعش بە مانای ئەوە نایەت ئەو گروپانە نوێنەرایەتی ئێران دەكەن".
"سودانی زۆرترین پارەی بۆ ئێران گەڕاندۆتەوە"
باڵیۆزی ئێران لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەیدا ئاشكرای كردووە: وڵاتەكەی بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا، ئێران نەیتوانیوە پارەكانی لە عێراق بگەڕێنێتەوە، بەڵام حكومەتەكەی سودانی بەراورد بە حكومەتەكانی پێشووی عێراق بڕە پارەیەكی زیاتری گەڕاندۆتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق لەژێر رۆشنایی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان بەشدارییەكی بەرچاوی لە بوژاندنەوەی ئابووری ئێراندا كردووە، ئاشكرایكردووە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 12 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كعێراق زیاتر لە ئێرانەوە كاڵا هاوردە دەكات.
"فڕۆكە ئەمەریكییەكان لە ئاسمانی عێراقەوە چاودێری ئێران دەكەن"
باڵیۆزی ئێران رەخنەی لە رۆڵی ئەمەریكا لە عێراق گرت و رایگەیاند: فڕۆكە ئەمەریكییەكان "لە ئاسمانی عێراقەوە رووپێوی خاكی ئێران دەكەن".
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكەیدا باڵیۆزی ئێران لە بەغداد دانانی نێردەی تایبەت لە عێراق لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە بە نارەوا وەسف دەكات، واشنتۆنی تۆمەتباركرد بەوەی كە ئاستەنگ بۆ ئەو بازرگانە عێراقیانە دروست دەكات كە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەكەن.
ئال سادق جەختیشی لەوە كردەوە ئەمەریكا “نایەوێت گفتوگۆ لەگەڵ تاران بكات و سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ لە ناوچەكەدا سیاسەتێكی بێباكانەیە".
"دەستنیشانكردنەوەی سودانی بۆ خولێكی دیكە بڕیارێكی تەواو عێراقییە"
باڵیۆزی ئێران لە بەغداد سەبارەت بە گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە "زیادبوونی ژمارەی كورسییەكانی گروپە چەكدارەكان لە پەرلەمان بژاردەی گەلی عێراقە و جەختیشی كردەوە لەوەی بریاری دەستنیشانكردنەوەی محەمەد شیاع سودانی بۆ خولێكی دیكەی سەرۆك وەزیران بڕیارێكی تەواو عێراقییە".
محەمەد كازم ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران پشتگیری لە پێكهێنانی حكومەت دەكات لەسەر بنەمای "هاوبەشی، كۆدەنگی و هاوسەنگی"، هیوای خۆی دەربڕی كە هێزە كوردییەكان بە هەمان شێوەی هاوپەیمانی شیعە و سوننە یەكبگرن.
"بەرەی مقاوەمە زیندووە"
باڵیۆزی ئێران لە بەغداد دەشڵێت"ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی ئەقسا بڕیارێكی فەڵەستینی بوو كە لەلایەن حەماسەوە ئەنجامدرا و كاردانەوەیەكی سروشتی بوو بەرانبەر بەو گەمارۆیەی بەسەر غەززەدا سەپێندرابوو".
كازم ئال سادق جەختیشی كردەوە لەوەی " بەرەی مقاوەمە هەروا زیندووە و بووەتەوە تۆڕێكی بەیەكەوە گرێدراو".
"ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل تاوانە"
باڵیۆزی ئێران لە بەغداد هەروەها جەختی لەوە كردەوە "هەڵوێستی عێراق سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل روونە و بەپێی یاسای عێراق ئەمە تاوانە، ئێران و عێراق دوو زلهێزی سەرەكی ناوچەكەن، هەڵوێستێكی هاوبەشیان هەیە كە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل و ئەو بابەتە رەتدەكەنەوە".
باڵیۆزی ئێران لە كۆتایی قسەكانیدا جەختی لەسەر بەهێزی پەیوەندییەكانی نێوان بەغداد و تاران كردەوە، وتیشی " نزیكەی % 35ی عێراقییەكان لە ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران دەژین، كە پەیوەندییەكی قووڵی كۆمەڵایەتی و عەشایەری لە نێوان هەردوولادا هەیە".
"هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران وئیسرائیل، جێگای رێزە"
محەمەد كازم ئال سادق، پەیوەندییەكانی ئێرانی لەگەڵ هەرێم بە باش وەسف كرد و ئاماژەی بە سەردانەكەی هەفتەی رابردووی لە هەرێم و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كرد.
بەوتەی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد، "هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران وئیسرائیل، جێگای رێزە و شەرفمەندانە بووە و پاڵپشت و پشتیوانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە".
