رۆژنامەیەكی بەریتانی كچێكی كورد بە ئیلهامبەخشی 2025 دەناسێنێت

#ژینۆ بابا میری#ئێران#کوردستان#گاردیان
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێكدا بەبۆنەی كۆتایی ساڵی 2025، ژینۆ بابامیری كچی رزگار بابامیری زیندانی سیاسی كوردی، بە یەكێك لە ئیلهامبەخشترین و كاریگەرترین كەسانی جیهان ناساندووە.
  • ژینۆ بابامیری، كچی زیندانییەكی سیاسی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە یەكێك لە ئیلهامبەخشترین و كاریگەرترین كەسانی جیهان دەناسرێت.
Primary Asset

سبەی

ژینۆ بابامیری، كچی زیندانییەكی سیاسی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە یەكێك لە ئیلهامبەخشترین و كاریگەرترین كەسانی جیهان دەناسرێت.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێكدا بەبۆنەی كۆتایی ساڵی 2025، ژینۆ بابامیری كچی رزگار بابامیری زیندانی سیاسی كوردی، بە یەكێك لە ئیلهامبەخشترین و كاریگەرترین كەسانی جیهان ناساندووە.

گاردیان لە راپۆرتەكەیدا لە ژێر ناونیشانی "دەتوانین پاڵەوان بین" ،"ئەو كەسە ئیلهامبەخشانەی ئەمساڵ لە سەرانسەری جیهاندا ناسیمان"، تیشك دەخاتە سەر هەوڵە ماندوو نەناسەكانی ژینۆ بابامیری بۆ پشتیوانی لە هەڵمەتی "نا بۆ سێدارە" و بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران.

لە بەشێكی راپۆرتی رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ژینۆی تەمەن 24 ساڵان لە نێوان دوو شەڕدا دەژی، یەكێكیان شەڕی كۆماری ئیسلامی ئێران دژی بنەماڵەكەی و ئەوی دیكەیان شەڕێكە بۆ رزگاركردنی باوكی لە پەتی سێدارە. 

بە گوێرەی رۆژنامەكە ژینۆ لە ئێستادا وەك پەنابەر لە دەرەوەی ئێران ژیان دەكات، لە رێگەی چالاكییەكانی لە كۆڕ و كۆمەڵە نێودەوڵەتییەكان لەوانەش بەشداریكردن لە كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی ئەوروپا، سەرنجی جیهانی بۆ پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران راكێشاوە.

ژینۆ لەگەڵ منداڵانی دیكەی زیندانیانی سیاسی گروپی "كچانی دادپەروەر"یان دامەزراندووە، كە ئامانجی گرووپەكە بەرەنگاربوونەوەی شەپۆلی لەسێدارەدانە لە ئێران و گەیاندنی دەنگی بنەماڵەی قوربانییەكانە لە سەرانسەری جیهاندا.

رزگار بابامیری لە یارمەتیدان بۆ برینداربووانی شۆڕشی ژینا تاوەكو سزای سێدارە

رزگار بەیگزادە بابامیری، زیندانی سیاسی كورد كە رۆژی 28ی نیسانی 2023، بە تۆمەتی بەشداریكردن لە ناڕەزایەتییەكانی “ژن، ژیان، ئازادی” لە شاری بۆكان دەستگیركرا، دواتر تۆمەتی دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ بریندارانی ناڕەزایەتییەكان خرایەپاڵ، دواتر لەلایەن لقی 10ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نیشتمانی و پروپاگەندە دژی حكومەت و چەندین تۆمەتی دیكە لەگەڵ 13 كەسی دیكەسزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەوەش لە كاتێكدایە، بە وتەی پارێزەری رزگار بابامیری هیچ جۆرە بەڵگەیەك بۆ ئەو تۆمەتانە لەبەردەستدا نەبووە و رزگار لە كۆبوونەوەكانی دادگاكە تەنها دانی بەوە داناوە كە دەرمانی بۆ بریندارانی نارەزایەتییەكان دابینكردووە.

"لەسێدراەدرانی 338 كەس لە مانگێكدا"

بە گوێرەی ماڵپەری مافی مرۆڤی هەرانا، لە یەك مانگی رابردوودا، 338 كەس لە ئێران لە سێدارە دراون، بەم جۆرە رۆژانە 12 كەس كە دەكاتە نزیكەی یەك كەس لە هەر دوو كاتژمێردا لە سێدارە دراون.

هەر لەوبارەیەوە، ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ئاشكرای كردووە، لە ساڵی رابردوودا 975 كەس لە ئێران لەسێدارە دراون.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی