
سبەی
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەکنیکی لە دەزگای نەهێشتنی نەخوێندەواریی رایدەگەیەنێت، 41 هەزار کەس لە ناوەندەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری سودمەند بوون و پلانی ستراتیژی هەیە بۆ رێگریکردن لە وازهێنان لە خوێندن.
وسام ناهز عەبود، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەکنیکی لە دەزگای نەهێشتنی نەخوێندەواریی لە عێراق، بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاندووە: ژمارەی ناوەندەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە سەرجەم پارێزگاکان زیاتر لە 830 ناوەندە و 41 هەزار و 965 کەس لێی سودمەندن، پلانێکی ستراتیژیش هەیە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی وازهێنان لە خوێندن بکرێت.
بە وتەی عەبود، رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق 15.3٪ ە و دەزگای نەهێشتنی نەخوێندەواری سورە لەسەر کەمکردنەوەی رێژەکە بۆ ئاستێکی کەم.
بەپێی ئاماری ساڵی 2023ی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی نەخوێندەواری ئەوکات 12٪ بووە، واتە رێژەکە بەرزبۆتەوە.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق كە ساڵی 2024 ئەنجامدرا، زیاتر لە 46 ملیۆن و 118 هەزار هاوڵاتی هەیە و زۆرینەیان لە تەمەنی كاركردندان.
بەپێی ئاماری سەرژمێری، تەنها ٪3.66ـی دانیشتیوانی عێراق تەمەنیان لە 65 ساڵ زیاترە و لە ٪38.25 دەستی كار لە عێراق لە كەرتی گشتی حكومەتدا كاردەكەن و لە ٪37.18 دەستی كار لە هەرێمی كوردستان لە كەرتی گشتی حكومەتدا كاردەكەن.
بەپێی سەرژمێرییەكە، رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی كوردستان بەرزترینە كە رێژەی ٪16.23ـی دانیشتووان نەخوێندەوارن، وە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق رێژەی نەخوێندەواری ٪15.3 بووە.
