
سبەی
وەزارەتی دەرەوەی سوریا بوونی لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی كوردی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رەتدەكاتەوە، دەشڵێت "قسەكردن لەسەر یەكێتی سوریا لەگەڵ واقیعی ئیداری و ئەمنیی لە باكوری رۆژهەڵات یەكناگرێتەوە".
ئاژانسی فەرمیی سوریا "سانا" لە زاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا بڵاویكردەوە:" یەكێتی خاكی سوریا دژ بەیەكە لەگەڵ واقیعی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، دامەزراوەی ئیداری و ئەمنیی و سەربازیی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بوونی هەیە و بەشێوەیەكی جیاواز بەڕێوەدەبرێن، ئەمەش دابەشبوون قوڵتر دەکاتەوە لەبری چارەسەر".
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، "قسەكردن لەسەر تێكەڵكردنی دامەزراوەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دامەزراوەكانی دەوڵەت، تەنها لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە، بەبێ هەنگاوی جێبەجێكاری و خشتەیەكی كاتیی روون، ئەمەش گومان لەسەر جددیەتی پابەندیی بە رێككەوتنی 10 ی ئاداری 2025 دروست دەكات".
وەك سەرچاوەكە وتویەتی "سەرەڕای ئاماژەی بەردەوامیی گفتوگۆكان لەلایەن فەرماندەكانی هەسەدەوە، تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە، ئەو قسانەش تەنها بۆ ئامانجی میدیایین و بۆ لابردنی فشارە سیاسیەكانە، لەكاتێكدا هەوڵەكان بۆ رێككەوتن بە بنبەست گەیشتوون".
"قسەكردن لەسەر لێكتێگەیشتن و بەردەوامیی بوونی چەكدارانە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت یەكناگرنەوە، لەكاتێكدا ئەو هێزانە لە دەرەوەی سوپای سوریان و فەرماندەی خۆیان هەیە و پەیوەندی دەرەكییان هەیە، ئەمەش دژی سەروەرییە و ئاستەنگ بۆ سەقامگیری دروست دەكات، جگە لەوەش بە تاكلایەنە كۆنترۆڵی دەروازە سنوریەكان و سنورەكان كراوە و وەك فشار بۆ دانوستان بەكاردەهێنرێن". سەرچاوەكەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا وا دەڵێت.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، "لێدوانی بەرپرسانی هەسەدە بەوەی نەوت موڵكی هەموو سورییەكانە هیچ متمانەپێكراو نییە، لەكاتێكدا لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەنابرێن و داهاتەكەشیان ناگەڕێنەوە بۆ بودجەی گشتیی".
وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، رۆژی 25-12-2025 تەلەفزیۆنی سوریا لەسەر زاری سەرچاوەیەكی باڵای ئاگادارەوە بڵاوی كردەوە: واشنتن فشارێكی گەورەی لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی كاتی سوریا دروستكردووە بۆ ئەوەی پێش كۆتایی ئەمساڵ و لە چەند رۆژی داهاتوودا رێككەوتنی سەربازی نێوانیان واژۆ بكەن و بە فەرمی رایبگەیەنن.
سەرچاوەكە پێشبینی كردووە رۆژانی 27 و 30ـی ئەم مانگە لە دیمەشق رێككەوتنەكە رابگەیەندرێت.
سێ فیرقەكەی سەربازی هەسەدە
میدیا سورییەكە بڵاوی كردەوە، بەپێی رێككەوتنە نوێیەكە میكانیزمی تێكەڵابوون و لكاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ "ئاسایش" كە ژمارەیان زیاتر لە 90 هەزارە بە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی سوریاوە دیاری دەكرێت، هەردوولا رێككەوتوون لەسەر دروستكردنی سێ فیرقەی سەربازی سەر بە وەزارەتی بەرگری بۆ هەسەدە لە رەققە و دێرەزور و حەسەكە.
لەئێستادا گفتوگۆی هەسەدە و دیمەشق لەسەر ژمارەیەك خاڵی ناكۆكە، ئەوانیش چوونی هێزەكانی حكومەتی كاتی سوریایە بۆ باكور و رۆژهەڵاتی سوریا. دیاریكردنی پۆستەكانی هەسەدە لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ. دیاریكردنی میكانیزمی بڕیاری سەربازی و پەیكەرەی كارگێڕی فیرقەكانی هەسەدە. دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی نێوان هەسەدە و وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری سوریا.
هەسەدە پێداگریی دەكات لەسەر دروستكردنی دوو لیوای سەربەخۆی سەربازی كە جیاوازبن لە وەزارەتی بەرگری، ئەوانیش لیوایەكی تایبەتی ژنان بۆ یەكینەكانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" و لیوایەكی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی تیرۆر "YAT". واشنتن پشتیوانی دروستكردنی لیوای دژە تیرۆر دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆسە سەربازییە هاوبەشەكان لەگەڵ حكومەتی سوریا لە چوارچێوەی پرۆسەی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و بەتایبەتی داعش.
بابەتێكی دیكە، هەسەدە پێداگرە لەسەر ئەوەی هێوەكانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای سوریا نەچنە ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ئەوەش پێشنیازی بۆ دیمەشق كردووە سەركردەی سەربازی لەلایەن خۆیەوە بۆ ئەو هێز و دامەزراوە ئەمنییانە دابنێت.
مەزڵوم عەبدی: رێككەوتن نزیكە
لەلایەكی دیكەوە تەلەفزیۆنی عەرەبییە لە سەر زاری مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بڵاوی كردەوە: گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش سەبارەت بە تێكەڵكردنی هێزە سەربازییەكانی بە جۆرێك لە بەرژەوەندی گشتی سوریا بێت.
ئاماژەی بەوەكردووە؛ هەندێك پرسی دیكەی دەستوری هەیە پێویستی بە كاتە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك كە هەموو سوریا بگرێتەوە، پێیانوایە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سوریا ئەوەی وڵاتێكی ناناوەندی "لامەركەزی" بێت
بەوتەی عەبدی، شێوەی سیستمی سیاسی بە جۆرێك سەرجەم پێكهاتەكان تێیدا بەشدار بن، پێویستی بە گفتوگۆی وورد و قوڵ هەیە بۆ گەیشتن بە داڕشتنەوەی دەستورێك كە رەنگدانەوەی خواستی هەموو لایەنەكان بێت.
فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاندووە: لەبارەی سنورەكان و دەروازەكانەوە گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتنی هاوبەش، سامانی ژێر زەوی موڵكی هەموو سورییەكانە، لەوبارەیەوە لەیەك نزیكبوونەوەی باش هەیە و هیوادارن لە ماوەی داهاتوودا بگەنە رێككەوتن لەسەر سەرجەم بوارەكان.
شاندی دانوستان: نێوەندگیریی عەرەبی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەرخستنی رێككەوتنی 10ـی ئادار
هەر لەوبارەیەوە، هاوسەرۆكی شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دیمەشق رایگەیاندووە: هەوڵێكی گەورە عەرەبی و جیهانی هەیە بۆ سەركەوتنی رێككەوتنی 10ـی ئادار. ئەمەریكا و فەرنسا هاوشانی وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ناوچەكە لە سەروو هەمویانەوە سعودیە هاوكار و پشتیوانن بۆ گەیشتنە بە رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ دیمەشق.
ئاشكرای كردووە؛ سەركەوتنی رێككەوتنی 10ـی ئادار پەیوەستە بە جێبەجێكردنی كردەیی رێككەوتنەكە بە سەرجەم خاڵەكانییەوە.
فەرماندەكانی ئاسایش و هەسەدە لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ
سەرچاوەكەی تەلەفزیۆنی سوریا بڵاوی كردووەتەوە، لەئێستا سەرقاڵی گفتوگۆكردن و دیاریكردنی فەرماندەكانی هەسەدە و ئاسایشن بۆ پۆستەكانی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی سوریا.
چەند رۆژێكی كەم ماوە بۆ ئەو وادەیەی كە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ـی ئاداری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع دیاریكرابوو بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە كە كۆتایی ئەمساڵ، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان واشنتن و وڵاتانی ئەوروپا كە چاودێریی رێككەوتنەكە دەكەن بەتایبەتی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هانی حكومەتی سوریا و هەسەدە دەدەن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان و دیاریكردنی میكانیزمێك بۆ تێكەڵكردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان پێش كۆتایی ئەمساڵ.
تیمێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و نێردەی بەریتانیا بۆ باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و نێردەی فەرەنسا سەرپەرشتی لێكنزیككردنەوەی بۆچونەكانی هەردوولا و چارەسەركردنی خاڵە ناكۆكەكان دەدەن بە زووترین كات.
بەپێی سەرچاوەكان، گەیشتن بە رێككەوتنی سەربازی لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە هەردوو رێككەوتوون كاراكردنەوەی دامەزراوەكانی سوریا لە باكوری سوریا كاتی زیاتری پێبدەن، بۆ ئەوەی ماوەی رێككەوتنەكە بۆ سێ مانگی دیكە درێژبكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەستەمە بەشێكی خاڵەكانی تا كۆتایی ئەمساڵ جێبەجێبكرێت.
