
سبەی
لە كاتێكدا سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئامادەیی بەشێك لە گروپە چەكدارەكانی عێراقی بۆ داماڵدرانیان لە چەك و تێكەڵبوونەوەیان بە سوپای عێراق راگەیاند، هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر هەر جۆرە چەكداماڵینێكی گروپەكانی بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەستەوە.
ماوەیەكە فشارەكانی ئەمەریكا بۆ لەچەك داماڵینی گروپە چەكدارەكانی عێراق چڕتر بووەتەوە، لە ئەنجامیشدا بەشێك لەم گروپانە قبوڵیان كردووە كە چەك تەنها دەبێت لەدەست حكومەتی عێراقدا بێت، لەبەرانبەردا ژمارەیەكی دیكە لەو گروپانە رەتیان كردۆتەوە چەكەكانیان رادەست بكەن.
هادی عامری، سكرتێری گشتیی رێكخراوی بەدر و سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی عێراقی رایگەیاند: چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكانی عێراق دەبێت بڕیارێكی ناوخۆیی بێت و تەنها دوای كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا ئەنجام بدرێت. ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سنوورداركردنی هەژموونی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق زیادی كردووە، بەشێك لە گروپە چەكدارە شیعەكان پابەندبوون بەوەی پێویستە چەك تەنها لەدەست حكومەت دا بێت.
عامری لەو بارەیەوە راشیگەیاندووە: چەكداماڵین لەسەر بنەمای بڕیاری دەرەكی و بێگانە رەتدەكەنەوە و جەختی لەوە كردۆتەوە، "هەر جۆرە هەنگاوێك لەو بارەیەوە دەبێت لەلایەن گەل و حكومەتی عێراقەوە بێت". ئاشكراشی كرد " مەرجی سەرەكی گروپەكەی لەوبارەیەوە پەیوەستە بە كۆتایی هاتنی ئەركی هاوپەیمانان لە عێراق.
هادی عامری هەروەها دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە توندی رەتكردەوە و رایگەیاند: "ئەمە لە دەنگۆیەك زیاتر نییە و هەرگیز قبووڵی ناكەین". عامری ئامۆژگاری ئەو كەسانەشی كرد كە ئەو جۆرە بانگەشەیە دەكەن و داوای لێكردن كە كەرامەتی خۆیان بپارێزن.
رێكخراوی بەدر لە ساڵی 1982 بە پاڵپشتی ئێران وەك باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق دامەزراوە، یەكێكە لە كۆنترین گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراقە. بەشێكە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێكهێنراوە.
پابەندبوونی گروپە شیعەكان بە رادەستكردنی چەك
ئەم هەڵوێستەی عامری لە كاتێكدا بوو، فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، گروپە شیعەكان پابەندبوون بە رادەستكردنی چەك بە حكومەت.
زەیدان رۆژی چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: چوار گروپی چەكداری شیعە كە بریتین لە عەسائیب ئەهلی حەق، لیواكانی ئیمام عەلی، لیواكانی سەید شوهەدا و لیواكانی ئەنساروڵڵا، بە فەرمی پابەندبوون بەوەی چەك تەنها دەبێت لەدەست حكومەتدا بێت.
جەختیشی لەوە كردەوە ئامانجی پابەندبوونەكە "جێبەجێكردنی رێنماییەكانی دەسەڵاتی ئایینی لە نەجەف و بەهێزكردنی سەروەری حكومەتی عێراقە".
هاوكات سەعد سەعدی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی سادقون (باڵی سیاسی عەسائیب ئەهلی حەق)، لە چاوپێكەوتنێكدا جەختی لەوە كردەوە "جێبەجێكردنی رادەستكردنی چەك دەبێت لەگەڵ بەهێزكردنی متمانە بە هێزەكانی حەشدی شەعبی و پەرەپێدانی تواناكانی هێزە ئەمنییەكان و ڤێگریكردن لە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی بێت".
وەڵامدانەوەی ئەمەریكا بۆ پێشهاتەكانی عێراق
مارك ساڤایا، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عێراق، پێشوازی لە هەنگاوە سەرەتاییەكان كرد بۆ داماڵینی چەك، بەڵام لە هەمان كاتدا جەختی لەوە كردەوە "قسەكردن بەس نییە و دەبێت هەنگاوی كردەیی بنرێت".
ساڤایا رایگەیاندووە ئامانجی ئەركەكەی "پاڵپشتیكردنی سەروەری عێراق و بەهێزكردنی هێزە ئەمنییەكانی حكومەت و كەمكردنەوەی كاریگەریی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێرانە" لەو وڵاتەدا.
ئەوەش لە كاتێكدایە، چەندین گروپی چەكداری شیعەكانی عێراق لەوانە كەتایبی حیزبوڵڵا و نوجەبا كە لەلایەن ئەمەریكاوە وەك رێكخراوی تیرۆریستی بیانی پۆلێن دەكرێن، لە ماوەی رابردوودا رەتیانكردەوە چەكەكانیان رادەست بە حكومەت بكەن. ئەم گروپانە كەم تا زۆر لە كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكن و لە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراقدا ئەنجامێكی بەرچاویان بەدەستهێناوە و بەشێكن لە "چوارچێوەی هەماهەنگی" شیعە.
گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر عێراق بۆ سنورداركردنی هەژموونی ئێران، خۆی دەبینێتەوە لە سزاكانی ئەم دواییە بەسەر چەندین بانك و كۆمپانیاكانی پەیوەست بە سوپای پاسداران و كەتایبی حزبوڵڵا لە عێراق.
هەروەها له مانگی شوباتی رابردوودا، كۆمەڵێك لە ئەندامانی كۆمارییەكانی كۆنگرێس داوای بڕینی هاوكارییە ئەمنییەكانیان بۆ عێراق و سزادانی گروپەكانی وەك بەدر كرد، ئەو گروپەیان وەك دایكی هەموو گروپە تیرۆریستییەكانی سەر بە ئێران لە عێراق وەسف كرد.
