
سودانی
سبەی
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق، دان بەوەدا دەنێت لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە هەڕەشەی ئیسرائیلیان پێگەیشتووە، دەشڵێت حكومەتەكەی بە هۆشدارییەوە مامەڵەی لەگەڵ كردووە تا بەدوور بێت لە ئاڵۆزی.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا، جەخت دەكاتەوە، بەغداد هەڕەشەی تەلئەبیی لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پێگەیشتووە، ئەمەش یەكەم دانپێدانانی فەرمیی عێراقە بەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڕەشەی ئەوەكراوە هێرش دەكرێتەسەر گروپە چەكدارەكان، پاش ئەوەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، بەڵام دەزگای هەواڵگری عێراق رەتیكردەوە.
سودانی رایگەیاند:"هەڕەشەكانی ئیسرائیل بەردەوامن و لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پێمان گەیشتووە". بەبێ ئەوەی باس لە ناوەڕۆكی هەڕەشەكە و لایەنی گوێزەرەوە بكات، بەڵام ئاماژەی بەوەدا حكومەت بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ كردووە تا خۆی بەدوور بگرێت لە ئاڵۆزی زیاتر.
هەشت رۆژ لەمەوبەر، رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بڵاویكردەوە: حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە چالاكەكان لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، پەیامی هۆشداری نائاساییان لە وڵاتانی عەرەبی و دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەكانەوە پێگەیشتووە، كە زانیاریی جددی تێدایە سەبارەت بە نزیكبوونەوەی گورزی سەربازیی فراوان لە عێراق، بەرپرسێكی عێراقی جەختیكردۆتەوە "دەوڵەتێكی دۆست" بەغدادی لە ناوەڕۆكی هەڕەشەكان ئاگادار كردۆتەوە پێش ئەوەی گروپە شیعیەكان پەلە بكەن لە سازش كردن.
وەكو لە راپۆرتێكی رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ئاماژەی پێكراوە، پێدەچێت ئەو گورزانەی لە عێراق دەوەشێنرێت دامەزراوە حكومیەكانیش بگرێتەوە كە پەیوەندییان بە گروپە چەكدارەكان و حەشدی شەعبییەوە هەیە، لەگەڵ ئەو كەسایەتیانەی خاوەن هەژموونی دارایی و سەربازیین، هەروەها پێگەكانی هەڵگرتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەك و ناوەندەكانی راهێنانیش بەدەر نابن لە هێرشەكان، پێدەچێت لە ئاستێكی بەرفراوان هەردوو پەیامەكە كاری خۆیان كردبێت، بەوپێیەی لەمدواییەدا راگەیەندراوی لایەنە سیاسییەكان داوایان لە گروپە چەكدارەكان كردووە "چەك تەنها لە دەستی دەوڵەت دا بێت". بەڵام لە هەمانكاتیشدا بۆ جێبەجێكردنی چەكدانانی گروپەكان داوای كات و ئازادیی مامەڵەیان كردووە، چونكە ئەو پرسە ناكۆكیی ناوخۆیی لەنێو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لێكەوتۆتەوە و تائێستاش چارەسەر نەكراوە.
پەیامی دەوڵەتێكی دۆست
بە وتەی سەرچاوەكان، ئاستی هەڕەشەكان دەستیان بە بەرزبوونەوە كردووە، سەرەتا لەگەڵ ئەو پەیامەی لە دەوڵەتێكی عەرەبییەوە گەیشتووە، كە پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئەمەریكی و ئێرانیەكانیشدا پاراستووە، پەیامەكە جەختی لەوەكردۆتەوە "بەغداد نزیكە لەوەی تووشی هێرشێكی سەربازیی هاوشێوەی ئەو هێرشە ببێتەوە كە كرایە سەر مەكتەبی سیاسی حەماس لە ئەیلولی 2025 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر".
پەیامەكە لایەنەكانی عێراق و حكومەتی لەوە ئاگاداركردۆتەوە كە "ئاستی هەڕەشەكان زۆر جدییە، ئیسرائیلیەكان ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەن لەلایەن ئەمەریكاوە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵبكرێت تا تاكلایەنە پرۆسەی سەربازیی لە عێراق ئەنجام بدەن".
لەوكاتەوەی هێرشی حەوتی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی 2023 لەلایەن حەماسەوە بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدرا و دواتریش ئیسرائیل دەستی بە هێرش كردنەسەر غەززە و لوبنان كرد، ئیسرائیل پلانی ئەوەی هەبوو لە وەڵامی موشەك و درۆنەكانی گروپە عێراقیەكان، چەند هێرشێكی ئاسمانیی بۆسەر عێراق ئەنجام بدات، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی عێراقی بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لەماوەی رابردوودا ئەمەریكیەكان رێگرییان لە ئیسرائیل كردووە لە عێراق هێرش ئەنجام بدات، لەبەرانبەریشدا فشاریان كردووە تا مەترسیی بوونی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت چارەسەر بكرێت.
بەوتەی سەرچاوە دیپلۆماسییە رۆژئاواییەكان، بیركردنەوەیەك لای ئەمەریكیەكان دروستبووە كە بەرپرسانی عێراقی بە راستی لە مەترسیی دۆخەكە تێنەگەیشتوون، بۆیە "پێویستە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن تا بەدووربن لە مەترسیەكان".
بەرپرسێكی حكومەتی عێراقی كە بە پاساوی ئەوەی رێپێدراو نییە بۆ لێدوان ئامادەنەبووە ناوی بهێنرێت، بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" گەیشتنی پەیامەكانی پشتڕاست كردۆتەوە سەبارەت بە گروپە چەكدارەكان، وتویەتی "پەیامەكان لە دەوڵەتانی دۆست و باڵیۆزخانەی وڵاتانی رۆژئاواوە بوون كە لە بەغداد كاردەكەن".
"دۆسیەی گەورە و پڕ زانیاریی"
وەك سەرچاوەكان باسیان كردووە، بەرپرسانی حكومەت دوای چەند رۆژێك لە گەیشتنی پەیامە عەرەبییەكە، دۆسیەیەكی زەبەلاحی دەزگایەكی هەواڵگریی رۆژئاوایان پێگەیشتووە و بە لیست ئەو ناو و شوێنانەی تێدایە كە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل لەسەر گروپە چەكدارەكان ئامادەی كردووە.
"قەبارەی زانیاریەكان و وردییەكەی و گشتگیرییەكەی بەرپرسانی عێراقی تووشی سەرسوڕمان كردووە"، یەكێكیان بە "شەرقولئەوسەت" ی وتووە "ئاگاداركردنەوەی عێراقیەكان و سروشتی ئەو زانیاریانەی لای ئیسرائیلن لەكاتێكی هەستیاردا هاتوون".
بەوتەی سەرچاوەكان، ئەو لیستانەی دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەكە بە عێراقیەكانی داوە، زانیاریی وردی لەسەر بەرپرسانی گروپە چەكدارەكان و كەسە نزیكەكانیان تێدایە كە نزیكن لێیانەوە، جگە لەو كەسانەی كە بەرژەوەندییە دارایی و بازرگانیەكانیان بۆ بەڕێوەدەبەن، هەروەها ئەو دامەزراوە حكومیانەش دیاریكراون كە لەژێر هەژموونی گروپە چەكدارەكاندان.
سەرچاوەكان رونیشیان كردۆتەوە، دەزگا هەواڵگرییە رۆژئاواییەكە، عێراقیەكانیان لەوە ئاگاداركردۆتەوە، كە ئیسرائیل لە وەشاندنی گورزێكی سەربازیی گەورە و گشتگیر لە عێراق نزیكە، "سیاسیە شیعە عێراقیەكان ئەو دیمەنەیان بەبیر هێنراوەتەوە كە پەیجەرەكانی حزبوڵڵای لوبنان لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلەوە تەقێنرانەوە".
