ئیسرائیل بە نیازە هێزێکی دەستێوەردانی سێ قۆڵی دژی تورکیا دروست بکات

#ئیسرائیل#قوبرس#یۆنان#تورکیا
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • لە ناو بازنەی سیاسیی ئیسرائیلدا ئاڕاستەیەک بۆ راگرتنی خواستە داگیرکارییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە پرسی وزە لە دەریای ناوەڕاست دروستبووە. سەرەڕای ئەوەش لوتکە سێ قۆڵییەکەی 22-12-2025 ی نێوان بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و کیریاکۆس میتسۆتاکیس هاوتا یۆنانییەکەی و نیکۆس کریستۆدۆلیدیس سەرۆکی قوبرسی یۆنانی، لە کەناڵە فەرمییەکان بە لوتکەیەکی ئاسایی وەسفکرا، بەڵام میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی تەلئەبیبە بۆ دامەزراندنی هێزێکی دەستێوەردانی سێ قۆڵی لە دژی ئەنقەرە.
Primary Asset

سبەی

لە ناو بازنەی سیاسیی ئیسرائیلدا ئاڕاستەیەک بۆ راگرتنی خواستە داگیرکارییەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە پرسی وزە لە دەریای ناوەڕاست دروستبووە. سەرەڕای ئەوەش  لوتکە سێ قۆڵییەکەی 22ـی کانوونی یەکەمی 2025 ی نێوان بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و کیریاکۆس میتسۆتاکیس هاوتا یۆنانییەکەی و نیکۆس کریستۆدۆلیدیس سەرۆکی قوبرسی یۆنانی، لە کەناڵە فەرمییەکان بە لوتکەیەکی ئاسایی وەسفکرا، بەڵام میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی تەلئەبیبە بۆ دامەزراندنی هێزێکی دەستێوەردانی سێ قۆڵی لە دژی ئەنقەرە.

"هێزی دەستێوەردان"

رۆژێک پێش کۆبوونەوەکە رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، تەلئەبیب بیرۆکەی دامەزراندنی هێزێکی سێ قۆڵی هاوبەشی بۆ روبەڕووبونەوەی تورکیا، بەتایبەتی لە دەریای ناوەڕاستدا بۆ نیقۆسیا و ئەسینا خستۆتەڕوو.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردۆتەوە، ئیسرائیل ئامانجی ئەوەیە بەهاوکاری لەگەڵ یۆنان و قوبرس، پێش بە "پێشکەوتنە سەربازییەکانی تورکیا" لە ناوچەکەدا بگرێت، کە تاوەکو غەززە درێژدەبێتەوە. لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتەنیاهۆ، سەرکردە سەربازییەکانی لە پلانێکی سەرەتایی بۆ دروستکردنی هێزێکی سێ قۆڵی لەگەڵ یۆنان و قوبرس ئاگادارکردۆتەوە.

یەدیعۆت ئەحرۆنۆت بڵاویشیکردۆتەوە تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری بە ئاراستەی دروستکردنی هێزەکە نەنراوە و لەم کاتەدا لە قۆناغی پلانداناندایە، بەو پێیەی دامەزراندنی هێزێکی لەو شێوەیە ئاڵۆزی زیاتری لێدەکەوێتەوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە بەرەی غەززە و لوبنان و ئێران لە جەنگدایە و رەنگە عێراقیشی بچێتەسەر، ئەگەر گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران چەکداماڵین رەتبکەنەوە.

کەناڵی 24ی ئیسرائیلیش دەستپێشخەریی دامەزراندنی هێزێکی هاوبەشی، وەک پەیامێکی ئیسرائیل بۆ تورکیا لێکداوەتەوە و بڵاویکردۆتەوە، بیرۆکەکە هەنگاوێکی سەربازی راستەوخۆ نییە لە دژی تورکیا، بەڵکو لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تەلئەبیبدایە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی لەگەڵ وڵاتە دۆستەکانیدا.

بەڵام یەدیعۆت ئەحرۆنۆت پێی وایە هەنگاوێکی لەو شێوەیە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دروستدەکات. بەجۆرێک رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ناچار دەکات، پێش هەر روبەڕووبوونەوەیەکی لەگەڵ یۆنان، یان ئیسرائیل و قوبرس، هەڵسەنگاندن بۆ توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی بکاتەوە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ئاشکرایکردووە، هێزەکە کە لە دوورگەکانی یۆنان جێگیر دەکرێت، هەزار سەربازی ئیسرائیلی و هەزار سەربازی یۆنانی و 500 سەربازی قوبرسی لە خۆدەگرێت.

لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هەنگاوە ئامانجی پاراستنی ژێرخانی وزە و بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەریایی و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە سەربازییەکانی تورکیایە لە ناوچەکەدا.

ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس لە یەک بەرەدا 

لە 19-12-2025، سەرچاوەیەکی سیاسی یۆنان ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەیەکی سەرۆکی ئەرکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل و بەرپرسانی باڵای قوبرس و یۆنان، دامەزراندنی هێزێکی سێ قۆڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی داهاتوو بە تایبەتی لە دەریای ناوەراستدا قسەوباسی لەسەر کراوە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست ناوەڕۆکی زانیاریی سەرچاوە یۆنانییەکەی دووپاتکردۆتەوە و بەهەوڵێکی ئیسرائیلی بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییە ناوچەییەکانی دەزانێت. چونکە تەلئەبیب بڕوای وایە ئەنقەرە دەیەوێت هەژموونی سەربازی و سیاسی خۆی بە تایبەتی بەسەر سوریا و دەریای ناوەراستدا بەهێز بکات، لە کاتێکیشدا باس لەوە دەکرێت لەو هێزە نێودەوڵەتیدا دەبێت، کە ئەرکی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی غەززەی پێدەسپێردرێت.

ئەردۆغان هۆشداری دەدات

لە وەڵامی نیگەرانییەکان لەپەرەسەندنی هەژموونی سەربازی و سیاسی تورکیا لە ناوچەکەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند:  ئەنقەرە هیچ بەرژەوەندییەکی لە خاک و سەروەری وڵاتانی دیکەدا نییە. روونکردنەوەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کاتێکدایە گرژییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل بە تایبەتی و یۆنان و قوبرس لە بەرزترین ئاستدایە.

ئەردۆغان کە بەشداری لە مەراسیمێکی تایبەت بەگەڕخستنی چەند کەشتییەکی جەنگی دەریایی کرد، وتوویەتی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی تورکیا لە پێناوی سەقامگیری و ئاشتییە لە ناوچەکەدا، نەک ئامادەکاری بۆ جەنگ. 

لە بەرامبەردا یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە لوتکە سێ قۆڵییەکەی کەمکردەوە و رایگەیاند: واژۆکردنی رێککەوتنەکان لە نێوان ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس ناتوانن مەترسی لەسەر تورکیا دروستبکەن. 

هاوکات لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی سوریا لە دیمەشق لە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە ئیسرائیل کرد " لە بری ئەوەی سیاسەتی فراوانخوازی پەیڕەبکات، لەسەر بنەمای لێتێگەیشتن و سازانی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بکات".

بەڵام سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن، پێشنیازی دامەزراندنی هێزە سێ قۆڵییەکە، بەرپەرچدانەوەی سیاسی و سەربازی ئیسرائیلە، لە بەرامبەر گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر ئیدارەی ئەمەریکا بەمەبەستی رێگەدان بە بەشداریکردنی ئەنقەرە لە هێزە نێودەوڵەتییەکەی غەززەدا.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی