ناکۆکی قوڵ باڵی بەسەر دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا کێشاوە

#ئەنجومەنی نوێنەران#دەستەی سەرۆکایەتی#کورد#سوننە#شیعە#ناکۆکی#سازان
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • سوننەکان لە کۆتا کۆبونەوەیاندا نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
  • چوارچێوەی هەماهەنگی هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر بەربژێری جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
  • سبەینێ پێش دانیشتنی یەکەم، پارتی بەربژێری خۆی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری دەکات
  • یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە هەمان دەستەی سەرۆکایەتی سەرەتای خولی پێنجەم لە سەر سێ کورسییەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دابنیشتنەوە
Primary Asset

ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

سبەی

دوانیوەڕۆی سبەینێ دووشەممە (29ـی کانوونی یەکەمی 2025) دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێت، بە هۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە تائێستا نەتوانراوە کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێتەوە، هێشتا ئومێدێک ماوە پێش کۆبونەوەکەی سبەینێ بەستەڵەکی ناکۆکییەکان بتوێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرێن.

بەپێی ئەو وێنانەی لە میدیا عێراقییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی نوێنەران سەرجەم ئامادەکارییە لۆجستی و هونەرییەکانی تەواوکردووە بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەی سبەینێ. ئەوەی ماوەتەوە و یەکلاکەرەوەیە ئامادەکارییە سیاسییەکانە کە زیاتر لە 40 رۆژە دەستی پێکردووە و نەگەیشتووەتە ئەنجام بۆ دیاریکردنی بەربژێری پۆستە سیادییەکان، لەنێویاندا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە پشکی سوننەکانە.

سوننەکان نەگەیشتنە رێککەوتن

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە (28ـی کانوونی یەکەمی 2025) هاوپەیمانی ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی "هاوپەیمانی سوننەکان" لە ماڵی خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کۆبونەوە و بڕیاربوو بەربژێری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری بکەن، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەوەکانەوە کۆبونەوەکە بێئەنجام بوو.

سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبونەوەکە ئاشکرای کرد، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی تەقەدوم سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن بەشێکی شیعەکان و لایەنێکی کوردییەوە ڤیتۆی لەسەرە، لەبەرامبەردا موسەننا سامەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزمیش کە یەکێکە لە سەرکردە سوننەکان پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستەکە و خۆی وەک بەربژێری پەسەندکراوی لایەنەکان نیشانداوە و ئامادەی سازش نییە.

بەربژێری جێگرەوە

سەرکردەیەکی باڵای سوننەکان بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی راگەیاندووە: ئەگەر موسەننا سامەڕائی سازش بکات و بکشێتەوە و لەبەرامبەردا بەهۆی ڤیتۆی رانەگەیەندراو لە سەری، حەمەد حەلبوسیش پاشەکشە بکات، ئەوکاتە جێگرەوەی ئەو دوو بەربژێرەی سوننەکان، هەیبەت حەلبوسی پەرلەمانتاری هەڵبژێردراوی هاوپەیمانی تەقەدومە، رەنگە بەوە بتوانرێت گرێگوێرەکە بکرێتەوە.

ناکۆکییەکان ئەوە دەردەخەن کە پێناچیت تا سبەینێ و بەڕێوەچوونی دانیشتنی یەکەم بتوانرێت بەربژێرانی ئەو پۆستانە دیاری بکرێن و ئەگەری هەیە دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی بە تەمەنتری پەرلەمانتار تەنها مەراسیمی سوێندخواردنی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران لە خۆبگرێت و دواتر دانیشتنەکە بە کراوەیی بهێڵرێتەوە.

لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی رایگەیاند: بە کراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنی یەکەم پێشێلکاریی دەستورە و شەرعیەتی یاسایی نییە و پێویستە لە دانیشتنی یەکەمدا دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرێن.

جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ناگۆڕدرێن

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران گۆڕانکارییەکی ئەوەتۆیان بەسەردا نایات، شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان چانسی بەهێزی هەیە بۆ بوونەوەی بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.

بڕیارە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی سبەینێ دووشەممە، شاندی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ پەرلەمانتارانی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی بەربژێری جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە پارتی بە پشکی خۆی دەزانێت، لەگەڵ دیاریکردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک و بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران.

لە پشکی شیعەکانیش ئەگەر زۆرە موحسین مەندەلاوی بۆ جاری دووەم لەسەر کورسی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دابنیشێتەوە، هەرچەندە ئەحمەد ئەسەدی وەک رکابەرێکی بەهێز خۆی بەربژێر کردووە.

سەرچاوەیەکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە،  جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەدرێتە سەرکردەیەکی گروپە چەکدارەکان یان نزیک لە ئەوان، خولی رابردووش موحسین مەندەلاوی زۆرترین بەرگری لە گروپە چەکدارەکان کردووە و هەوڵی زۆریدا یاسای دەستەی حەشدی شەعبی تێپەڕێنێت، بەڵام بەهۆی فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە، بەتایبەتی ئەمەریکا پەسەندکردنی یاساکە دواخرا بۆ ئەم خولە و چاوەکان لەسەر مەندەلاوییە بتوانێت پۆستەکەی بەکاربهێنێت بۆ تێپەڕاندنی یاساکە.

سەرەڕای نزیکبوونەوەی وادە دەستورییەکان، تائێستا سێ پێکهاتە سەرەکییەکە بەربژێرەکانی خۆیان یەکلانەکردووەتەوە، کە سەرەڕای ئەو پۆستانە، کورد پۆستی سەرۆک کۆمار و شیعەکانیش پۆستی سەرۆک وەزیران بەرکەوتەی ئەوانە.

خولەکانی پێشووی پەرلەمانى عێراق، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتنایەتە رێککەوتن، دانیشتنی یەکەم بە کراوەیی دەهێڵرایەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ و شەڕی پۆستەکان ماوەیەکی زۆر بۆشای یاسایی و دەستوریی دروست دەکرد.

ناکۆکییە سیاسییەکان، ناکۆکی ناوخۆیی پێکهاتەکان نیشاندەری ئەوەیە، رەنگە هەمان سیناریۆی خولەکانی پێشوو دووبارە ببێتەوە و نەتوانرێت لە دانیشتنی یەکەمدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژدرێت.

کێبڕکێی سودانى و مالیکى، لە بەرژەوەندەی عەبادییە 

کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بازنەیەکدا دەخولێنەوە و نزیکەى دوو مانگە نەیانتوانیوە ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە. 

 محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى "مەیادین" رایگەیاند: لەکۆبوونەوەى چوارچێوەى هەماهەنگیدا ناوی ئەو و مالیکی و عەبادی خراوەتەڕوو، پێشنیازیکردووە هەریەکەیان بچن گفتوگۆ لەگەڵ لایەن و سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بکەن بۆ یەکلایکردنەوەى پرسەکە، تا لە بازنەی دواخستن و کۆبوونەوەکان نەسوڕێنەوە.

جەختیکردووەتەوە، بڕیارى یەکلاکردنەوەى پرسەکە لەلایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە دەدرێت.

بەردەوامى کۆبوونەوەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى بەبێ یەکلایکردنەوەى کاندیدى سەرۆک وەزیران، ئاماژەیەکی روونە بۆ بوونى ناکۆکی قوڵ، ئەوەش بەپێی وتەى سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ رۆژنامەى "مەدا"ى عێراقى، لەکاتێکدا جگە لە کۆبوونەوە فەرمییەکان، چەندین کۆبوونەوەی دیکە سەبارەت بە کاندیدی سەرۆک وەزیران ئەنجامدراوە. 

هەندێک لە لایەنەکانى ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، لە پاڵ سودانی و مالکی کەسایەتی سێیەم بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیاز دەکەن، ئەویش حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووترە. بژاردەی سێیەم بانگەشەى ئەوە دەکات کە سیاسەتەکانی بەرامبەر بە قەیرانی دارایی "سەرکەوتووە بووە و لەو بوارەدا تاقیکراوەتەوە".

بەوتەى سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان، پێشنیازکردنی عەبادى، مەرجێکی روونی لەگەڵدایە، ئەویش کشانەوەی سودانی و مالکییە لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران.

هەمان ئەو سەرچاوانە ئاشکرایان کردووە، ناوی حەیدر عەبادی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە "توانایەکی باشی هەیە لە بەرێوەبردنی قەیرانە دارایی و ئابورییەکان"، بە رەچاوکردنی ئەوەی لە ئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت داهاتەکانی دەوڵەت کەمیکردووە، لەکاتێکدا خەرجییە گشتییەکان وەکو خۆی ماوەتەوە.

 عەبادی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018، سەرکردایەتی حکومەتی لە یەکێک لە قۆناغە هەستیارە ئابوری و ئەمنییەکاندا کرد. 

حەیدەر عەبادى چەند رۆژێک لەمەوبەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ئامادەیە پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێت. ئەوەشی بە بیریهێنایەوە کە نرخی نەوت لەماوەى دەسەڵاتیدا کەمتر بووە لە ئاستی ئێستای، لەگەڵ ئەوەشدا "حکومەتەکەی سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان". ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ لێکچوونی هەلومەرجەکان و ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی سەختی ئابووری هاوشێوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی