شەڕ و قەیران؛ گرنگترین رووداوەکانی 2025

#شەڕ#قەیران#ئەمەریکا#چین#ئەنجوومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان#Council on Foreign Relations
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی 2025، پێگەی ئەنجوومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە راپۆرتێکدا 10 لە گرنگترین رووداوەکانی ساڵەکەی دیاریکردووە
Primary Asset

سبەی

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی 2025، پێگەی ئەنجوومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە راپۆرتێکدا 10 لە گرنگترین رووداوەکانی ساڵەکەی دیاریکردووە.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، 2024 ساڵێکی ماندووکەر بوو بۆ تەواوی جیهان بەهۆی هەڵگیرسانی ژمارەیەک جەنگ لە نێوان وڵاتان، بەڵام هیوا هەبوو 2025 ببێتە ساڵێکی پڕ لە ئاشتی، بەپێچەوانەوە لە ئەمساڵیشدا جیهان بەدەست ژمارەیەک قەیران و جەنگەوە ناڵاندی.

10 لە گرنگترین رووداوەکانی 2025 بەپێی پێگەی ئەنجوومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان(Council on Foreign Relations):

دەیەم: پێکدادانی نێوان کەمبۆدیا و تایلەند

یەکێک لە جەنگەکانی 2025 لە نێوان کەمبۆدیا و تایلەنددا روویدا. جەنگەکە لە 28ـی ئایاری 2025، بە کوشتنی سەربازێکی کەمبۆدیا لەلایەن تایلەندەوە دەستی پێکرد. 

لە 24 بۆ 28ـی تەمموز، جەنگەکە گەیشتە لوتکە و تایلەند فڕۆکەی جەنگی ئێف-16ـی  تێدا بەکارهێنا، لە وەڵامدا کەمبۆدیا بە مووشەکی بی ئێم-21 وەڵامی دایەوە. 

دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی راگرتنی دانوستانە بازرگانییەکانی کرد لە هەردوو وڵات، ئەگەر ئاگربەست رانەگەیەنن، پاشان لە کۆتایی تشرینی یەکەم هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئاگربەست. 

سەرەڕای ئاگربەست، جارێکی دیکە لە 8 بۆ 27ـی کانوونی یەکەم، پێکدادانەکان لە نێوان تایلەند و کەمبۆدیا دەستی پێکردووەتەوە.

نۆیەم: هەڵبژاردنی رۆبێرت پریڤۆست وەک پاپای ڤاتیکان

دوای مردنی پاپای فرانسیس لە نیسانی 2025، لە هەشتی ئایاری 2025، رۆبێرت فرانسیس پریڤۆست وەک 267ـەمین پاپای ڤاتیکان هەڵبژێردرا و نازناوی پاپا لیۆی چواردەیەمی وەرگرت. 

هەشتەم: پێکدادانی نێوان هندستان و پاکستان

یەکێکی دیکە لە پێکدادانەکانی 2025 لە نێوان هەردوو وڵاتی هندستان و پاکستاندا روویدا. 

لە شەڕەکەدا سوپای پاکستان توانیان دوو فڕۆکەی هندستان بەئامانج بگرن و تێکیبشکێنن، لە وەڵامدا هندستان توانی سیستمی بەرگریی دەوروبەری شاری لاهۆر تێکبشکێنێت. 

هیچ لایەنێکی شەڕەکە سەرکەوتنی سەربازیی گەورەیان بەدەستنەهێنا، دوای سێ رۆژ لە شەڕ، لە کۆتاییدا هەردوو وڵات لەسەر ئاگربەست رێککەوتن. 

حەوتەم: پێشبڕکێی زیرەکیی دەستکرد توندتر بووەوە 

جگە لە پێشبڕکێکانی دیکە، گەورە وڵاتانی جیهان وەک ئەمەریکا و چین لە 2025، لە پێشبڕکێیەکی گەورەدابوون بۆ پەرەپێدانی مۆدێلە جیاوازەکانی زیرەکیی دەستکرد. 

شەشەم: شەڕی ناوخۆیی سودان

شەڕی ناوخۆیی سودان درێژ بووەوە بۆ 2025، ئەوەش لەگەڵ نەبوونی ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ناوخۆیی سودان.

دانیشتووانی سودان بەردەوامن لە ئاوارەبوونی دەیان ملیۆنی، بەهۆی بارودۆخی سەختی شەڕەوە، ئاماری دروست لەسەر ژمارەی کوژراوان بەردەست نییە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان تەنها لەمساڵدا نزیکەی 250 هەزار سودانی کوژراون یان بەهۆی بارودۆخی سەختی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە. 

پێنجەم: رێککەوتنی ئاشتی کەرتی غەززە لەلایەن ئەمەریکاوە

دوای دوو ساڵ لە شەڕ، دواجار لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، ئیسرائیل و حەماس رێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی 20 خاڵی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.

لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا، هەموو بارمتە زیندووەکانی ئیسرائیل ئازادکران، هەروەها تەرمەکانیش هەموویان رادەستی ئیسرائیل کرانەوە، جگە لە یەک تەرم نەبێت کە تائێستا چارەنووسی نادیارە.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل سوپاکەی لە بەشێک لە کەرتی غەززە کشاندەوە و چوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەستی پێکردەوە.

چوارەم: جەنگی روسیا و ئۆکراینا بەردەوامە

دوای چوار ساڵ لە شەڕی نێوانیان هێشتا سوپای روسیا و ئۆکراینا دژی یەکتر لە جەنگدان و ئاسۆیەکی روون نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

هەرچەندە لەمساڵدا، ئەمەریکا نەخشەڕێگایەکی 28 خاڵی پێشکەشکرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، بەڵام هیچ لایەنێکی جەنگ بە نەخشەڕێگا ئەمەریکییەکە رازی نەبوون و جەنگیش لە بەرەکاندا بەردەوامی هەیە.

سێیەم: هێرشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران

یەکێکی دیکە لە رووداوە گرنگەکانی 2025، هەڵگیرسانی شەڕی 12 رۆژەی نیوان ئێران و ئیسرائیل بوو. دوای 11 رۆژ لە جەنگ، ئەمەریکا بڕیاریدا لە رێگەی فڕۆکە جەنگییە بی-2ـەکانییەوە هەر سێ ناوەندی ئەتۆمی، فۆردۆ، نەتانز و ئیسفەهان بە ئامانج بگرێت و کۆتاییی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رابگەیەنێت.

دووەم: کانزا دەگمەنەکانی چین

ساڵانێکی زۆرە، ئەمەریکا کۆنترۆڵی بەسەر پارە (بانکەکان و دۆلار)ـدا کردبووە چەکێک لە دژی چین، بەڵام لەمساڵدا لە بەرامبەردا چین کۆنترۆڵی بەسەر کانزا دەگمەنەکانیدا دژی بەکارهێناوە، ئەوەش ئەمەریکای ناچار کرد بە دووبارە پێداچوونەوە بە تێڕوانینەکانی لەسەر بازرگانیکردن لەگەڵ چیندا بکاتەوە.

یەکەم: دۆناڵد ترەمپ تێکدەری سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمەریکا

لە 2025ـدا دۆناڵد ترەمپ ژمارەیەک بڕیاری چاوەڕواننەکراویدا لەسەر ژمارەیەک لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمەریکا.

یەکێک لە بڕیارەکان کشانەوەی ئەمەریکا بوو لە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس و رێکخراوی تەندروستی جیهانی.

لەمساڵدا دۆناڵد ترەمپ جەنگی بازرگانی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا سەپاند و باجی گومرگی لەسەر کاڵاکانیان بۆ ئەمەریکا سەپاند.

یەکێکی دیکە لە بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکانی ترەمپ، داخستنی بەرنامەی فریاگوزای ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا (USAID) و کەمکردنەوەی ژمارەی بەرچاوی کارمەندانی حکومەت بوو.

دواین بڕیارەکانی ئەمساڵی ترەمپ، ناساندنی گرووپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر وەک "تیرۆریست" و فشارخستنەسەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بوو بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی سەربازی و بەرگریی وڵاتەکانیان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی