
سبەى
دەرگاى خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق کرایەوە، کە چاوەڕواندەکرێت ململانێیەکى دیکەى لەناو لایەنە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى لێبکەوێتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى لەهەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەماندا ململانێکانیان زەقبووەوە.
هەیبەت حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رۆژى سێشەممە دواى هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق، کردنەوەى دەرگاى خۆکاندیدکردنى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار بۆ ماوەى سێ رۆژ راگەیاند.
وتیشى لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق داواکارى خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار وەردەگرێت.
کردنەوەى دەرگا بۆ خۆکاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لەکاتێکدایە، لە هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دابەشبوونى گەورە لەنێوان هێزە کوردییەکان بەتایبەتى پارتى و یەکێتى دروستبوو، بەو هۆیەشەوە شاخەوان عەبدوڵا کاندیدى پارتى لەدوو خولى هەڵبژاردن شکستیهێنا بەرانبەر رێبوار کەریم کاندیدى رەوتى هەڵوێست، تا لە خولى سێیەمدا و دواى گۆڕینى شاخەوان عەبدوڵا بە فەرهاد ئەتروشى، پارتى پۆستەکەى بەدەستهێنایەوە.
بەنگین رێکانى ئەندامى شاندى پارتى دواى هەڵبژاردنى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمان بە رۆژنامەنووسانى راگەیاند، ئەو پڕۆسەیە کاریگەرى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار دەبێت، "کاتێک جەوێکى ئیجابى دروستدەبێت لەنێوان لایەنەکان".
بەوتەى رێکانى، بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى پێش بەڕێوەچوونى خولى سێیەمى دەنگدان پەرلەمانتارانى حیزبەکەى ئاڕاستەکردووە کە دەنگ بە کاندیدى پارتى بدەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەنگین رێکانى وتى پڕۆسەى یەکلاکردنەوەى کاندیدى سەرۆک کۆمار هێشتا ماوە و لەئاستى سەرکردایەتى پارتى باس دەکرێت.
چەقى ناکۆکى
پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق بۆ جارى سێیەم بووەتە چەقى ناکۆکی نێوان یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان، هەریەکەیان بە جیا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە گفتوگۆدان بۆ کۆکردنەوەى پشتیوانى و مسۆگەرکردنى پۆستەکە.
کێبڕکێى هەردوو حیزب لەسەر ئەو پۆستە دەبێتە خولى سێیەمى کێبڕکێی نێوانیان لەو بارەیەوە، دواى دوو خولى پێشوو لە هەشت ساڵى رابردوودا لەسەر ئەو پۆستە کە تا ئێستا لەدەستى یەکێتیدا ماوەتەوە.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رۆژى دووشەممە سێ پێشنیازى لەبارەى پۆستى سەرۆك كۆماری عێراق خستەڕوو، جەختیکردەوە پێویستە میكانیزمی هەڵبژاردنی کەسێک بۆ وەرگرتنى پۆستەکە گۆڕانكاری بەسەردابێت.
پێشنیازەکانى بارزانى بریتین لەوەى، یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستەکە دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانیەكان كۆببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك رێكبكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن.
ئارێز عەبدوڵا ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى لەهەژمارى خۆى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەى بەوەکردووە، یەکێتى تێدەگات کە پێشنیازەکەى بارزانى “ئاستەنگ درووستکردنە” لە بەردەمى بۆ دەستەبەرکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.
دەشڵێت "پێشنيازەکەی تەنیا لە بەرژەوەندیی حزبەکەیدایە، ئەگەر پێشنیازەکەی فراوانتر بکردبايە و داوای یەکلایی کردنەوەی هەموو پۆستە باڵاکان بە تایبەت (سەرۆکی کۆمار، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان)ی بە یەک شێوە و هەمان میکانیزم بکردبا لەبەرچاو گرتنی دەبووە ئەرک".
ئارێز عەبدوڵا پێیوایە، لەبەرئەوەی پێشنیازەکە هەرێم ناگرێتەوە، کە لەبنەڕەتدا قەيرانەکە لەسەر هەرێمە جێبەجێبەجێبوونی کارێکی ئاسان نييە.
ماوەى 20 ساڵە پۆستى سەرۆک کۆمار لەلاى یەکێتییە، لەبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێم بە پارتى، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى نێوانیان لە ساڵى 2005 کە دواتر بووە بناغەى رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
پۆستەکە دوو خول لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بەرێوەبرا لە ساڵانى (2005-2014)، دواتر فوئاد مەعسوم لە ساڵانى (2014-2018)، پاشان بەرهەم ساڵح لە ساڵانى (2018-2022)، لەتیف رەشید لە ساڵى 2022 ەوە پۆستەکەى بەدەستەوەیە تا ئێستا.
بارزانى لەپێشنیازەکەیدا جەختیکردووەتەوە، مەرج نیيە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت، گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات.
پۆستى سەرۆک کۆمار
دەستووری عێراق؛ سەرۆک کۆمار وەک سەرۆکی دەوڵەت و هێمای یەکگرتوویی وڵات دادەنێت. نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و بەرپرسە لە پارێزگاریکردن لە دەستوور و پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی عێراق.
دەستوور، چوار مەرجى بۆ سەرۆک کۆمار دیاریکردووە کە بریتین لە: هاووڵاتییەکی عێراقی بێت لە دایک و دایک و باوکێک عێراقی، تەمەنی 40 ساڵى تەواو کردبێت، ناوبانگێکی باشى هەبێت لەگەڵ ئەزموونی سیاسی و بە دەستپاکی و ڕاستگۆیی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ میللەت ناسراو بێت. نابێت بە تاوانى شەرەف سزا درابێت.
هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار بەپێی دەستور، بەدەنگى زۆرینەى دوو لەسەر سێی ئەندامانى ئەنجومەنی نوێننەرانی عێراق دەبێت و ئەگەر هیچ کاندیدێک دەنگى پێویستى بەدەستنەهێنا، دوو کاندید کە خاوەنى زۆرترین دەنگن کێبڕکێ دەکەن و لە خولى دووەمى دەنگداندا کامیان زۆرترین دەنگیان هێنا دەبێتە سەرۆک کۆمار.
دەسەڵاتەکان
دەستور زیاتر لە 10 دەسەڵاتى بۆ سەرۆک کۆمار دیاریکردووە کە دیارترینیان رەزامەندیدانە لەسەر داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە، یان دەنگدانى پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەى.
لەدواى رەزامەندیدان لەوبارەیەوە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، ئەنجومەنى وەزیرانیش بە هەڵوەشاوە دادەنرێت و سەرۆک کۆمار دەبێت داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردن بکات لەماوەى 60 رۆژدا.
دەسەڵاتەکانى دیکەى سەرۆک کۆمار بریتین لە، دەرکردنى لێبوردنى گشتى لەسەر راسپاردەى سەرۆک وەزیران، پەسەندکردنى پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، پەسەندکردنى یاساکان، داواکردنى بۆ بەستنى خولى نوێی پەرلەمان لەدواى هەڵبژاردنەوە، پەسەندکردنى باڵیۆزەکان، سزاکانى لەسێدارەدان.
