لە شەقامەوە بۆ زانکۆکان؛ خۆپیشاندانەکانى ئێران بەرفراوانتردەبن

#ئێران#خۆپیشاندان#زانکۆکانی ئێران
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • خۆپیشاندانەکانى ئێران لە سێیەمین رۆژیدا لە شەقامەوە پەڕییەوە زانکۆکان
  • خوێندکارانى ناڕازیی دژی حکومەت دروشمیان وتەوە
  • هێزە ئەمنییەکان بە هەڵمەتى دەستگیرکردن و بەکارهێنانى گازی فرمێسک رێژ روبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە
Primary Asset

سبەى

خۆپیشاندانەکانى ئێران لە سێیەمین رۆژیدا لە شەقامەوە پەڕییەوە زانکۆکان و خوێندکارانى ناڕازیی دژی حکومەت دروشمیان وتەوە، هێزە ئەمنییەکانش بە هەڵمەتى دەستگیرکردن و بەکارهێنانى گازی فرمێسک رێژ روبەڕوویان بوونەوە.

خۆپیشاندانەکان کە لە  رۆژی یەکشەممەوە بە ناڕەزایەتیی بازرگانان و کاسبکاران لە تاران و ژمارەیەک شاری دیکە دژى بەرزبوونەوەی بەرچاوى نرخی دۆلار و هەڵاوسان دەستیپێکرد، لە سێەمین رۆژی خۆیدا لە شارەکانی، تاران، ئیسفەهان، ئەهواز، شیراز، کرماشان و نەجەف ئاباد بەردەوام بوو.

لەگەڵ بەردەوامى خۆپیشاندانەکان، لەنزیکەى 10 زانکۆی ئێران لەوانەش زانکۆکانی تاران، ئەمیر کەبیر، شەهید بەهەشتی، خاجە نەسیرتووسی، ئیسفەهان، یەزد، بەشێک لە خوێندکاران رژانە سەر شەقام و دژى خراپى دۆخی ئابووری و هەڵاوسانی لە رادەبەدەر ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، لانیکەم لە شارەکانی تاران و کرماشان هێزە ئەمننیەکانی ئێران، بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان گازی فرمێسک رێژیان بەکارهێناوە و چەندین خۆپیشاندەریان دەستگیر کرد.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران، سبەی چوارشەممەی لە زیاتر لە 27 پارێزگای ئێران بە هۆی سەرماوە وەک پشوو راگەیاند، ئەگەرچی بەشێک لە میدیاکانی ئێران هۆکاری راگەیاندنی پشوویان بۆ ترس لەبەرفراوانبوونی خۆپیشاندانەکان گەڕاندەوە.

هاوکات بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئێران، هاتنە دەنگ و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانیاندا.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بژێوی ژیانی خەڵک خەمی ڕۆژانەیەتی و جەختیکردەوە، ڕێوشوێنی بنەڕەتی بۆ چاکسازی لە سیستەمی دراو و بانک و پاراستنی توانای کڕینی خەڵک لە کارنامەی حکومەتدایە.

سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها وەزیری ناوخۆی راسپارد "لە ڕێگەی گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی ناڕازییەکان گوێ لە داواکارییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران بگرێت".

لاى خۆیەوە، محەمەد جەعفەر قائیم پەنا، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران، داوای لێبوردنی لە خەڵکی ئێران کرد سەبارەت بە بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان بۆ نزیکەی 40 لەسەد و بەرزبوونەوەی نرخەکان و رایگەیاند، کێشە ئابوورییەکان لە شەوێکدا چارەسەر نابن.

قائیم پەنا وێڕای ئاماژەدان بەوەى، حکومەت "ئاگاداری فشارەکانی ئابوورییەکانی سەر هاوڵاتیانە وتی "حکومەت خۆی لەبەرپرسیاریەتی ناشارێتەوە بەڵوو سەرقاڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانە".

کاردانەوەکان بە دەستپێکردنەوەوی گەڕێکی دیکەی خۆپیشاندانەکان لە ئێران، تەنها لە ناوخۆی وڵاتەکە سنووردار نەبووە و کاردانەوەی نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی سەختی ئابووری هاوڵاتیان لە ئێران، بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بە بێبەزەیی بەرانبەر خۆپیشاندەران تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، دەسەڵاتدرانی ئێران ناڕازایەتییەکان بە توندی و لە رێگەی تەقەکردن لە خۆپیشاندەران سەرکوت دەکەن.

لاى خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە هەژماری فارسی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، واشنتۆن پشتیوانی لە “دەنگی گەلی ئێران” دەکات و ناڕەزایەتییەکان بە ئاماژەیەک بۆ ماندووبوونی کۆمەڵگا لە “سیاسەتە شکستخواردووەکانی” ئەو وڵاتە گەڕاندەوە.

هاوکات، مایک والتز باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، "گەلی ئێران ئازادی دەوێت و ساڵانێکە لەژێر دەسەڵاتی ڕۆحانییەکاندا ئازار دەچێژێت".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی