
سبەى
رۆژانى داهاتوو بۆ عێراق بە “یەکلاکەرەوە” دادەنرێت بۆ ئەگەرى هێرشى ئیسرائیل، ئەوەش بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، لەگەڵ دیارنەبوونى پێکهاتەى کابینەى داهاتوو لەکاتێکدا دانوستانەکان لەو بارەیەوە بێ ئەنجامن.
بەوتەى سەرچاوە سیاسییەکان، هێڵى جیاکەرەوەى نێوان دوورخستنەوەى مەترسی هێرش یاخود ئەنجامدانى، پێکهاتەى کابینەى نوێى عێراق و قەبارەى بەشدارى گروپەچەکدارەکانى نزیک لە ئێرانە لەو کابینەیەدا، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى “مەدا”ى عێراقى.
لەناو گۆڕەپانى سیاسی عێراقدا زانیارى جۆراوجۆر دەستاودەست دەکرێت لەبارەى ئەگەرى هێرشى نزیکى ئیسرائیل، ئەگەر لە کابینەى داهاتوودا پێگەى هەستیار بدرێتە گروپەکان.
دانپێدانانى بەغداد
بۆ یەکەمجار بەغداد دانى بەوەدانا کە هەڕەشەى راستەوخۆى ئیسرائیلى پێگەیشتووە، لەکاتێکدا پێشتر دەزگاى هەواڵگرى بەفەرمى ئەوەى رەتکردبووەوە.
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، لەچەند رۆژى رابردوودا لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا پشتڕاستیکردبووەوە، کە لە رێگەى لایەنى سێیەمەوە هەڕەشەى ئیسرائیلیان پێگەیشتووە، جەختیکردبووەوە کەهەڕەشەکان بەردەوامن، حکومەتەکەى بە هەستیارییەکى زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا دەکات.
قسەکانى سودانى لەکاتێکدایە، خەمڵاندنەکان لەزیادبووندان لەبارەى ئەگەرى پێدانى گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمەریکاوە بە ئیسرائیل ،بۆ ئەنجامدانى هێرشى سەربازى نوێ لەناوچەکە، کە لوبنان و ئێران بگرێتەوە، لەهەوڵێکى نوێدا بۆ لێدان لە باڵەکانى ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لەناویاندا عێراق.
مارک ساڤایا نوێنەرى تایبەتى ئەمەریکا بۆ عێراق، پێشتر چەند جارێک جەختیکردبووەوە، نابێت گروپەکان بەشێک بن لە پێکهاتەى کابینەى داهاتووى عێراق.
فشارى گروپەکان
لەهەوڵێکدا بۆ دوورخستنەوەى مەترسی لەسەر عێراق و کۆنتڕۆڵکردنى فشارەکان، چوارچێوەى هەماهەنگى لە دانوستانەکانى ئەم دواییەدا هەوڵى دوورخستنەوەى گروپەکانى داوە لە پێگە هەستیارەکانى حکومەتى داهاتوو، لەگەڵ خستنەڕووى پێدانى پۆستى دیکە پێیان، لەناویاندا جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان کە درا بە کاندیدێکى عەسائیبى ئەهلى حەق.
بەڵام بەوتەى سەرچاوە سیاسییەکان، گروپەکان بەردەوامن لە فشارخستنە سەر چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ بەشداریکردنى راستەوخۆ لە کابینەى داهاتوو، داواى پۆستى سیادى و خزمەتگوزاریی دەکەن، لەناویاندا وەزارەتەکانى دارایی و گواستنەوە و خوێندنى باڵا.
بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەى شەش گروپى چەکدار، نزیکەى 50 کورسیان لە پەرلەمان هەیە لەکۆى 80 کورسی گروپەکان، کە چوونەتە ریزى چوارچێوەى هەماهەنگى بۆ گرەنتى پێکهێنانى گەورەترین فراکسیۆن.
“گڵۆپى سەوزى ئەمەریکا”
غازى فەیسەڵ دیبلۆماتکارى پێشووى عێراقى و سەرۆکى ناوەندى توێژینەوەى ستراتیژى پێیوایە، ئیسرائیل لە ئێستا زیاتر چاوى لەسەر حیزبوڵاى لوبنان و حەماس و حوسییەکانە، بەڵام گروپە چەکدارەکانى عێراق بەتایبەتى ئەوانەى لە لیستى تیرۆردان، لە لیستى ئامانجى چاوەڕوانکراودان، بەتایبەتى دواى بەشداریکردنیان لە پڕۆسە سەربازییەکانى دواى حەوتى ئۆکتۆبەر.
وتیش نەتەنیاهۆ لەسەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا دەیەوێت گڵۆپى سەوزى ئەمەریکا وەربگرێت، بۆ ئەنجامدانى هێرش بۆ سەر توانا سەربازییەکانى ئێران و سیستمى موشەکى و درۆن، هەر هیرشێکى لەو شێوەیەش، پێدەچێت گروپە چەکدارەکانى عێراقیش بگرێتەوە، بۆ رێگریکردن لەهەر کاردانەوەیەکى گروپەکان دژى هێرشکردنە سەر ئێران.
بۆ دوورخستنەوەى ئاڵۆزییەکان لەناوچەکە و دورخستنەوەى مەترسییەکان، حکومەتى عێراق لە ئێستادا لە هەوڵدایە بۆ ئەوەى تاران و واشنتۆن لە بەغداد کۆبکاتەوە.
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەچەند رۆژى رابردوودا ئاماژەى بەوەدابوو، لە هەوڵدان بۆ رێکخستنی دیدارێکی دوو قۆڵی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران لە بەغداد و لایەنى ئەمەریکا رەزامەندە، ئێرانیش داواى گرەنتى دەکات و زمانى هەڕەشە رەتدەکاتەوە.
رونیشیکردبووەوە "لە هەوڵ و پەیوەندیداین لە بەرزترین ئاستدا، بەڵام پرسەکە پێویستی بە هەندێک گەرەنتییە و زمانی هەڕەشەدا لەلایەنی ئێرانیەوە رەتدەکرێتەوە".
لەبارەى ئەوەى ئایا ئیدارەى ئەمەریکا رازییە بەو پڕۆسەیە، سودانى ئاماژەى بەوەدابوو، لە دوایین سەردانی تۆم باراک نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا بەشێک لە گفتوگۆکانیان لەسەر ئەو پرسە بووە و ئەمەریکا رەزامەندە لەسەر رۆڵى عێراق بەو ئاڕاستەیە.
جەختیشیکردبووەوە، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا دەسەڵاتی پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت لە پەرەپێدانی لێکنزیکبوونەوە لە نێوانیاندا.
