کاردانەوەی ئێران بەرانبەر هەڕەشەکانی ترەمپ: لە وەڵامی توندی سەربازییەوە تا ئامادەیی بۆ دانوستان

#ئێران#ئەمریکا#دۆناڵد ترەمپ#مەسعود پزیشکیان
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
هێمن مەحمود
پوختە :
  • مەسعود پزیشکیان وەڵامی توندی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپى بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی دایەوە
  • مەسعود پزیشکیان: هەر جۆرە "دەستدرێژییەک" وەڵامی "پەشیمانکەری" لێدەکەوێتەوە
  • وەزیری دەرەوەی ئێران نیازپاکی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دووپاتکردەوە
Primary Asset

سبەى

مەسعود پزیشکیان وەڵامی توندی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپى بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی دایەوە، هۆشداریدا کە هەر جۆرە "دەستدرێژییەک" وەڵامی "پەشیمانکەری" لێدەکەوێتەوە، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران نیازپاکی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دووپاتکردەوە.

سەردانی  بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا و لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران شەپۆلێک کاردانەوەی جياوازى لەلایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لێکەوتەوە. 

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە کاردانەوەى هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ نووسیویەتی "وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەر دەستدرێژییەکی دڕندانە توند و پەشیمانکەر دەبێت."

ترەمپ رۆژى دووشەممە هۆشداریدایە ئێران لە بنیاتنانەوەى توانا موشەکى و ئەتۆمییەکانى و جەختیکردەوە، ئەگەر تاران هەنگاوى لەو شێوەیە بنێت، هیچ بژاردەیەکیان بۆ نامێنێتەوە، جگە لە دەستبەجێ لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.

عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی وتارێکدا کە لە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە رایگەیاند "سەرۆکی ئەمەریکا فریودراوە و ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو و تاران وەک دوژمن دەبینێت، بۆیە پێویستە سەرلەنوێ بە تێڕوانینی خۆیدا بچێتەوە".

"رێککەوتن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش"

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتانی دۆستی هاوبەشی ئەمەریکا و ئێران لە ئێستادا هەوڵێکیان دەستپێکردووە، بۆ رێگە خۆشکردن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن و رایگەیاند "سەرەڕای هێرشی ئیسرائیل لە میانی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەمەریکا، تاران بۆ رێککەوتنێک کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش بێت ئامادەیە".

 عەراقچی لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا نوسیویەتى "دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان پەیوەستە  بە قبوڵکردنی ئەمەریکا کە دانوستان جیاوازە لە سەپاندنی مەرجەکانی تەسلیمبوون، ئەگەر ترەمپ بەنیاز بێت مەتمانەی گەلی ئێران بەدەستبهێنێت، پێویستە سەرەتا کۆتایی بە ململانێی ناپێویست لە رێگەی ئاشتی و دیپلۆماسی بهێنێت".

"هیچ کات بەنیازی جەنگ لەگەڵ ئەمەریکا نەبووین"

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختدەکاتەوە کە وڵاتەکەی هیچ کات بەنیازی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا نەبووە، لە مانگی حوزەیرانیشدا و دوابەدوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، فەرماندەکان سەربازییەکانی وڵاتەکەی دانیان بەخۆیاندا گرتوە، بەپێچەوانەوە دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە تەواوی لەناودەچوو. دەشڵێت "ئەم دانبەخۆداگرتنە نابێت بە مانای لاوازی ئێران لێکبدرێتەوە".

سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران، عەراقچی دوپاتیکردەوە کە گەل و حکومەتی ئێران هیچ کات دەست لە مافە بنەرەتییەکانی لە هەموو بوارەکانی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی هەڵناگرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دانوستانی جددی بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێکی دادپەروەرانە رەت ناکاتەوە.

عەلی شەمخانی: پێویستمان به مۆڵەت و رێگه پێدانی كەس نییە

هەر لەچوارچێوەى وەڵامدانەوەى هەڕەشەکانى دۆناڵد ترەمپ، عەلی شەمخانی راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند" پێویستمان به مۆڵەت و رێگه پێدانی كەس نییە سەبارەت بەرنامە موشەكییەكانمان".

شەمخانی جەختیشیکردەوە "هەر دوژمنكارییەك روبەڕوی وەڵامێكی توند دەبێتەوە، توانا موشەکی و بەرگرییەكانی ئێران لەناونابرێن و پێویستمان به مۆڵەت و رێگه پێدانیش نییە".

"نائۆمیدی و ترس"

حەمید رەزا موقەدەم فەر بەرپرسی فەرهەنگی و میدیایی سوپای پاسداران لە میانی وتارێکدا رایگەیاند، هەڕەشەکانی ترەمپ لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ نەتانیاهۆ بۆ "نائومێدی و ترس دەگەرێتەوە".

موقەدەمفەر جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەمەریکا و ئیسرائیل دەزانن کە  نە توانا و نە ئیرادەی هێرشی سەربازیی و نە توانای خۆڕاگرییان لەبەرانبەر هێرشەکانی ئێراندا هەیە.

روسیا: گفتوگۆ لەگەڵ ئێران گونجاوترین چارەسەرە

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکى سەرۆکایەتى روسیا کرێملین رایگەیاند "پێویستە لە  هەر کارێک کە رەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دوور بکەوینەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران گونجاوترین چارەسەرە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکان".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی