سبەی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا هەفتەیەکی دیکە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلای دەکاتەوە. "سبەی" دەزانێت، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە نێچیرڤان بارزانی چاوی لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمە.
ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەرسومی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەرنەکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "سبەی" کەوتون، بڕیارە لەم هەفتەیەدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردن دیاری بکات و مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ ئەنجامدانی بڵاوبکاتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بارزانی تا ئێستا چاوی لەوەیە، مانگی تشرینی یەکەم(10)ـی 2024، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکات، کە ئەگەرێکی زۆرە ناوەڕاستی مانگەکە و بە دیاریکراوی ڕۆژی 15ـی تشرینی یەکەم بکرێتە ڕۆژی هەڵبژاردن.
ئەگەرچی بەشێک لە میدیا کوردی و عەرەبییەکان لە زاری سەرچاوەی نادیارەوە بڵاوییان کردەوە، لەم هەفتەیەدا لە سەر پرسی هەڵبژاردن بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی لایەنەکان دەکات بەڵام "سبەی" زانیویەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو سەردانە ئەنجام نادات.
هەنگاوەکانی بارزانی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە وادەیەکی دیکەدا ڕاستەوخۆ بە واتای ڕازی بوونی پارتی دێت بە گۆڕانکارییەکانی هەڵبژاردن. وەک "سبەی" دەزانێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا وەرگرتنی دڵنیایی لە پارتی ئامادە نەبووە ڕۆژی هەڵبژاردن یەکلای بکاتەوە، بۆیە ئێستاش دوای پێشکەشکردنی ڕەزامەندی حزبەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن چاوەڕێ دەکات بە زوترین کات لیستی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات.
ناکۆکی هۆکاری سەرەکی دواخستنی هەڵبژاردنە
هەرێمی کوردستان ئەزمونێکی درێژی لە دواخستنی هەڵبژاردن هەیە، بە شێوەیەک بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە 32 ساڵی ڕابردوودا، پەرلەمانی کوردستان هەشت جار تەمەنی خۆی درێژکردووەتەوە و چوار مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کە وادەی هەڵبژاردنیان پێ دیاریکراوە جێبەجێ نەکراون.
هۆکاری سەرەکی دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بووە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمیش کە زیاتر لە دوو ساڵ دواخراوە، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی هۆکاری یەکەمی دواخستنی بوون.
دامەزراوەی پەی بڕوای وایە، لایەنەکان بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات هانا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و پەکخستنی پڕۆسەکە دەبەن.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە تا ئێستا چوار مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دەرکراوە، کۆتا جار بڕیاربوو ڕۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەبچێت بەڵام ڕۆژی 28ـی ئایاری 2024، کۆمسیۆن لە نوسراوێکدا داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد ڕۆژێکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.