لە دانیشتنی ئەمڕۆی دۆسیەی نارین گوران؛ دایكی قسەی جیاوازی كرد

#نارین گوران#ئامەد#تورکیا
یەک مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک مانگ نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • لەو دۆسیەیەدا تۆمەتبارانی ڕووداوەكە هەریەك لە یوكسەل گوران دایكی نارین، ئەنەس گۆران برای نارین، سەلیم گۆران مامی نارین و نەوزاد بەختیاری دراوسێیان، بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەستی نارین و هاوكاریكردنی بكوژ دەستگیرکراون.
Primary Asset

ناو دادگای سزا قورسەکانی ئامەد

سبەی

دانیشتنی یەكەمی دۆسیەی نارین گورانی هەشت ساڵ كە لە 21 ی ئاب لە گوندێكی  ئامەد كوژرا، لە هەشتەمین دادگای سزا قورسەكانی ئامەد بەڕێوەچوو.

لەو دۆسیەیەدا تۆمەتبارانی ڕووداوەكە هەریەك لە یوكسەل گوران دایكی نارین، ئەنەس گۆران برای نارین، سەلیم گۆران مامی نارین و نەوزاد بەختیاری دراوسێیان، بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەستی نارین و هاوكاریكردنی بكوژ دەستگیرکراون.

دانیشتنەكە لەژێر ڕێوشوێنێكی ئەمنیی توندا بەڕێوەچوو، پارێزەرانی دۆسیەكە و ڕۆژنامەنوسان و ڕێكخراوەكانی منداڵان و پەرلەمانتاران و نوێنەری ڕێكخراوەكان ئامادەبوون، وتەی هەریەك لە نەوزاد بەختیار و ئەنەس گۆران وەرگیران، لە بەشی دووەمی دانیشتنەكەش وتەی یوكسەل گۆران دایكی نارین گوران وەرگیرا. 

دایكی نارین لە دانیشتنەكەدا و لەبەردەم دادوەر وتی:"من بەیانی كاتژمێر پێنج هەستام، چوومە سەر زەوییەكەمان و كاتژمێر شەش و نیو هاتمەوە، كاری ماڵەوەم كرد، دوو منداڵیشم لە شاری دوورەوە هاتبوونەوە زۆر دڵخۆش بووم، نانی بەیانیم ئامادەكرد كە ئەوە دوا نانی بەیانیم بوو لێیان كردم بە ژەهر، جلم هەبوو بردمە ماڵی هەدیە گۆران تا بیكەمە جلشۆرەوە، نارین و ئەرینی برای یارییان دەكرد، ئەوان لە نزیكی من بوون، بوكی مامم هاتبوو بۆیە چوومە ماڵی خوشكەكەم".

وتیشی:"ئەنەس بەدوای خوشكەكەمدا دەگەڕا وتی برسیمە و بێتە ماڵەوە، نارین وتی دەچمە كۆرسی قورئان، كاتژمێر یەك خواردنم ئامادەبوو، دوای ئەوە كارم هەبوو، چاوی نارین هەر لەسەر كاتژمێرەكە بوو وتی دەچمە كۆرسی قورئان پێم وت نەچیت بەڵام ئەو هەر وتی دەچم و ڕێگەم پێدا و ڕۆیشتە مزگەوت، دواتر منداڵەكان هەستان وتیان هەدیە جلەكانی هێناوەتەوە، دواتر هاوڕێیەكی ئەنەس تەلەفۆنی بۆكرد و پاشان خەوتەوە منیش پێموت هەستە زۆر خەوتووی و بچۆ دەرەوە".

یوكسەل گۆران باسی لەوەڵامدانەوەی بۆ فەرمانداری جەندرمە كرد و  وتی "فەرماندەكە لەمنی پرسی سەلیمت بینیوە، سەرەتا بیرم نەكەوتەوە، دواتر بیرم كەوتەوە كەمێك بینیومە، من سەربانەكەم دەشوشت و دواتر خواردنم دروستكرد.

دادگا سەبارەت بە قسەكانی پێشووی لە چاوپێكەوتنەكاندا لە یوكسەلی پرسی "وتوتە هەركەسێكتان گرتووە بیخەنە شوێنێكەوە گۆڕەكەی دیار بێت". بەڵام یوكسەل لە دانیشتنی دادگا ئەوەی ڕەتكردەوە.

پێشتر دایكی نارین لەبارەی ونبوونی كچەكەی دەیوت "ونبوونی هیچ گوناحێكی منی تێدا نییە، لە هاوڕێكانیم پرسی، لە مامی و ئامۆژنیم پرسی، بەڵام وتیان ئێمە نازانین و نەهاتووەتە ئێرە، چوومە مزگەوتەكە لەوێ پرسیم نارین لەكوێیە وتیان كاتژمێر شەش بینیومانە، بۆماوەیەك دڵم ئیسراحەتی كرد و دواتر ترس دایگرتم دیسان هەموو گوندەكە گەڕاین، دواتر جەندرمە هاتنە گوندەكە.

سەرۆكی دادگا لێی پرسی "سەلیم كوشتی یان نەوزاد؟ یوكسەل وتی "نازانم ڕەنگە سەلیم یان نەوزاد ئەوكارەی كردبێت، بەڵام دۆخی نەوزاد جیاوازە خوا ڕەحمی پێبكات، من دەیسپێرمە خودا. دیسان سەرۆكی دادگا وتی "هەموو شتێك ڕوونە بەڵام نەوزاد نەیوتووە من كوشتومە دەڵێت سەلیم كوشتویەتی".

سەرۆكی دادگا پرسیارێكی دیكەی لە یوكسەل كرد كە بۆچی لێپرسینەوە لە ئەنەس گۆران كراوە، یوكسەل وتی "من لە بارەگای جەندرمە بووم فەرماندەكە هات و وتی دێمە ماڵتان و شتێكتان پێدەڵێم، هاتە ماڵمان و وتی لە ماڵێكدا لە ئەنقەرە وێنەی ئێوە واتە ئەنەس و ئەرین و خێزانەكەتان هەیە هەمووتان دەكوژن". بەڵام سەرۆكی دادگا وتی "ئەمەی تۆ دەیڵێی دەچێتە عەقڵەوە؟

سەرۆكی دادگا جارێكی دیكە پرسیاری ئەوەی لە یوكسەل كرد، كە ئایا سەلیم(مامی نارین) هاتووەتە ماڵەكەی و هیچ پەیوەندییەكی پێوەی هەیە بەڵام یوكسەل ڕەتیكردەوە ئەو ڕۆژە هاتبێتە ماڵەكەی و ڕەتیشیكردەوە هیچ پەیوەندییەكی پێوەی هەبێت، وتی "ئەگەر هاتبێتە نزیكی ماڵەكەمان نازانم، نەوزاد تۆمەتم ئاراستە دەكات خوا خۆی هەموو شتێك دەزانێت.

سەرۆكی دادگا لە كۆتایی دانیشتنەكەدا وتی "یوكسەل قسەی دژ بەیەك دەكات". و دانیشتنی ئەمڕۆ كۆتایی هات، بەڵام بە كراوەیی دەمێنێتەوە و دانیشتنی داهاتوو وتەی سەلیم گۆران(مامی نارین) وەردەگیرێت.
 

بگەرێ لە سبەی
    2024 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی