"ئەوەی ئیستانبوڵ لە دەستبدات تورکیا لە دەستدەدات"؛ سەرۆکی جەهەپە: ئەردۆغان لەبەرخۆیەوە وڕێنە دەکات

#ئەردۆغان#جەهەپە#ئەکرەم ئیمامئۆعڵو
3 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 3 مانگ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە: "ئەردۆغان تۆ لەبەر خۆتەوە وڕێنە مەکە، ئێمە لێرە شەو و ڕۆژمان خستووەتە سەر یەک و ئەمجارە ئێمە بە تۆ دەڵێین ئەوەی ئیستانبوڵ لە دەست بدات، تورکیا لە دەست دەدات و ئەوەی ئیستانبوڵیش بە دەست بهێنێت، تورکیا بە دەست دەهێنێت".
Primary Asset

سبەی

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئاماژە بەوە دەدات ئەو چالاکییانەی شەش ڕۆژە بە هۆی دەستگیرکردن و خستنە زیندانی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ ئەنجامی دەدەن، چالاکیی ئاسایی نین، بەڵکو وەستانەوەیە بەرامبەر “فاشیزم و کودەتا و دیکتاتۆرییەتی” ئەردۆغان.

ئەمشەویش هاوشێوەی پێنج شەوی ڕابردوو ئۆزگور ئۆزەل لە بەردەم دەیان هەزار کەس لە ناوچەی ساراچهانە لە ئیستانبوڵ وتارێکی پێشکەش کرد و  سەرنجى خستةسەر ئەوەی دیموکراسییەت ئەوەیە گەل بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی بدات، بەڵام کاتێک ڕێگە لەوە بگیرێت گەل کەسێک هەڵببژێرێت، ئەوا "کودەتا و فاشیزمە". 

ئۆزگور ئۆزەل جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ڕۆژێک بەردەوام دەبن لە گردبوونەوە لە ناوچەی سەراچهانەی ئیستانبوڵ و وتی: "لە یەکەم ڕۆژی گردبوونەوەکەدا دەسەڵات وتی ڕۆژی یەکەم وا دەبێ و سبەی بیریان دەچێتەوە، بەڵام وا نەبوو و واش نابێت".

ئۆزگور ئۆزەل جەختی لەوە کردەوە تاکوو لە 31ی ئاداری 2019 و هەڵبژاردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ ئەردۆغان چی ویستبووایە ئاوای دەکرد و بە دڵی خۆی چۆنی ویستبووایە ئاوای بەسەر ئیستانبوڵدا دەهێنا و دەڵێت: "کە ئاک پارتی هاتە سەر دەسەڵات چوار هەوربڕی لێ بوو، کەچی ژمارەکەی گەیاندە 256 هەوربڕ. بەڵێنیشی بە وەبەرهێنەرانی قەتەڕی دا پڕۆژەی نۆکەندی ئیستانبوڵ جێبەجێ دەکات، بەڵام ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ڕێگەی بەوە نەدا".

وتيشى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیمامئۆغڵو بۆ ئیستانبوڵ وای کرد جارێکی دیکە بە دەنگی زیاتری خەڵک بکرێتەوە بە سەرۆک شارەوانی و ساڵی ڕابردوویش بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دوای 22 ساڵ حوکمڕانی ئاک پارتی بووەوە براوەی دووەم و جەهەپە بە پێشی کەوتەوە. 

“ئەردۆغان تۆ لەبەر خۆتەوە وڕێنە مەکە، ئێمە لێرە شەو و ڕۆژمان خستووەتە سەر یەک و ئەمجارە ئێمە بە تۆ دەڵێین ئەوەی ئیستانبوڵ لە دەست بدات، تورکیا لە دەست دەدات و ئەوەی ئیستانبوڵیش بە دەست بهێنێت، تورکیا بە دەست دەهێنێت”، ئۆزگور وتايوت.

جەختیشیکردەوە، ئەردۆغان لە خۆکاندیدکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەترسا بۆیە لە شەوێکدا دان پێدانان بەو بڕوانامەیەی ئەودا هەڵوەشێندرایەوە کە 35 ساڵ لەمەوبەر بەدەستی هێنابوو. “ڕاستە ئەکرەم ئیمامئۆغڵویان لە ئیستانبوڵ دابڕیووە، بەڵام هەرگیز چۆک بەرامبەر دەسەڵاتدا نادەین”. 

ئۆزگور ئۆزەل ئاماژەی بەوە دا کە وەک ئەوەی دوێنێ ڕایگەیاندبوو جەهەپە سەیری کەناڵانە میدیاییەکانی تورکیا دەکات و هەر کەناڵێک ڕوماڵی چالاکییەکانی دژ بە دەستگیرکردن و خستنە زیندانی ئیمامئۆغڵو نەکات، ئەوا داوا لە لایەنگر و ئەندامانی جەهەپە دەکەن بایکۆتیان بکەن و ناوی 17 کەناڵیشی بڵاو کردەوە کە سەر بە دەسەڵاتن یان میدیای سێبەرن و پێویستە بایکۆت بکرێن. 

بۆچی ئەکرەم ئیمامئۆعڵو زیندانی کراوە؟

پێنج ڕۆژ لەمەوبەر (19ـی ئاداری 2025)، لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز و بە تۆمەتی ڕەخساندنی هەلی کار لە دامەزراوەکانی شارەوانی بۆ ئەندامانی پەکەکە و ئەنجامدانی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو کە دوو خولە لەسەریەک بە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ هەڵدەبژێردرێت دەستگیر کرا.

دەستگیرکردنی ناوبراو لە کاتێکدایە ماوەیەکە ناوی ناوبراو پەسەند کراوە وەک کاندیدی کاندیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا ئەمڕۆیش لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە توانی نزیکەی 15 هەزار دەنگ بە دەست بهێنێت.

چوار ڕۆژ لەمەوبەر سبەی بڵاوی کردەوە کە ئەگەری زۆرە 23ی ئادار کە هەڵبژاردنی ناوخۆیی جەهەپە ئەنجام دەدرێت، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بخرێتە زیندان.

هەر ئەمڕۆیش دادگا لەسەر داواکاری سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ و بە تۆمەتی ئەنجامدانی گەندەڵی بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەرکرد. 

دواتریش وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئیمامئۆغڵوی لە سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ دوور خستەوە.

چاودێرانی سیاسیی ئاماژە بەوە دەدەن ئەردۆغان کە تەواوی دەسەڵاتەکانی تورکیای لە دەستی خۆیدا کۆ کردووەتەوە بە دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەریشەوە، سڵ لە هیچ کارێک ناکاتەوە تاکوو ڕێگە لەوە بگرێت ئیمامئۆعڵو ببێت بە ڕکاربەری، چونکە لە هەر کوێیەک ئەکرەم ئیمامئۆغڵو خۆی کاندید کردبێت لەوێ ئاک پارتی شکستنی هێناوە.

زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو'ی تەمەن 54 ساڵ دوای ئەوە دێت لە چەندین ناوچەی تورکیا ڕەتکراوەتەوە هۆڵی دیدار و کۆبوونەوە بە ئیمامئۆغڵو بدرێت تا وەک کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرکۆماری تورکیا، وتاری تێدا بدات و لە نوێترین پێشهاتیشدا  ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی، بە گوشاری ئاک پارتیی دەسەڵاتدار سەرۆکایەتیی زانکۆی ئیستانبوڵ بڕیاریدا دانپێدانان بەو بڕوانامەیەی کاتی خۆی بە ئەکرەم ئیمامئۆعڵوی داوە هەڵبوەشێنێتەوە.

هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە گوایە هەڵەی زەق کراوە و نەدەبوو بڕوانامە بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 28 قوتابی دیکە بدرێت. 

لەو ڕۆژەوەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەستگیر کراوە، شارەکانی تورکیا بە تەواوی خرۆشاون، دەستگیرکردنی چەندین خۆپیشاندەر و ڕووبەڕووبوونەوەیان بە توندترین شێوە، شەقامەکانی بە خۆپیشاندەران چۆڵ نەکردووە.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی