لە ئیمراڵییەوە بۆ کۆشکى کۆمارى؛ ناوەڕۆکى کۆبوونەوەی ئەردۆغان و دەم پارتى

#شاندی ئیمراڵی#ئەردۆغان#پرسی کورد
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 7 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکۆماری تورکیا و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە، ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە کرا و جەخت لە ئیرادەی هاوبەشی هەردوو لا کرایەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
Primary Asset

سبەی

لە کۆبوونەوەی سەرکۆماری تورکیا و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە کرا، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە و جەختکردنەوە لە ئیرادەی هاوبەشی هەردوو لا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی شاندی ئیمراڵیی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەمڕۆ دووشەممە 7ی تەمووزی 2025 هەریەک لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیایان کرد.

ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت) و ئافکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و کۆبوونەوەکە نزیکەی یەک کاتژمێر خایاند.

لەبارەی کۆبوونەوەکەوە شاندی ئیمراڵی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تیایدا هاتووە: "شاندەکەمان تێڕوانین و پێشنیازەکانی خۆیان خستووەتە ڕوو لەبارەی قۆناغی نوێی پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەی پێویستە لەمەودوا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە بندرێن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی ئیرادەی هاوبەش کراوەتەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. 

بەر لەوەی ئەو دوو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی بەرەو کۆشکی کۆماری بێشتەپە لە ئەنقەرە بەڕێ بکەون، پەروین بوڵدان ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی مێژوویی دەبێت و وتی: "چونکە پرۆسەکە چووەتە ناو قۆناغێکی نوێ و ئەمەیش پێویستی بە ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوەیە. لەگەڵ بەڕێز سەرکۆمار و شاندەکەی تاوتوێی تەواوی ئەو بابەتانە دەکەین و کۆبوونەوەکە واتایەکی زۆر مەزنی دەبێت".

لای خۆیشیەوە میدحەت سانجار سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لەگەڵ ئەردۆغان و شاندەکەی تاوتوێی تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە و ئەو هەنگاوانە دەکەن کە پێویستە لەمەودوا بندرێن.

ئەم کۆبوونەوەیەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی دوای ئەوە دێت دوێنێ بۆ جاری شەشەم سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد لە دورگەی ئیمراڵی و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەکەیان کرد.

لە کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلانەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان

ئەم کۆبوونەوەیەی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ بەر لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی کۆبوونەوە.

دوێنێش بۆ جاری شەشەم شاندی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد لە دورگەی ئیمراڵی و تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەکەیان کرد.

جگە لە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، هەروەها پارێزەر ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ چووە دوورگەی ئیمراڵی و بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد.

دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە دوورگەی ئیمراڵی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە کۆبوونەوەکە ماوەی دوو کاتژمێر و 30 خولەکی خایاندووە و ئۆجەلان ڕایگەیاندووە چوونەتە ناو قۆناغێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە و گوتووشیەتی: " ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشانی هەموو لایەک بۆ هەنگاونانی دیکە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا".

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئۆجەلان کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی ئیمڕاڵی و ئەردۆغانی زۆر بە گرنگ زانی. هەروەها جەختی لەوەیش کردووەتەوە ئەو لیژنەیەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا پێک بهێندرێت ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و هێنانەدی ئاشتی.

دووەم کۆبوونەوەی شاندی ئیمڕاڵی لەگەڵ ئەردۆغان

ئەم کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان دوای ئەوە دێت 10ی نیسانی 2025 بۆ یەکەمجار دوای تێپەڕینی 13 ساڵ ئەردۆغان پێشوازی کرد لە شاندی ئەو ئاراستە سیاسییەی ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات.

10ی نیسانی ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماری پێشوازی کرد لە هەریەک لە پەروین بوڵدان و سڕی سورەییا ئۆندەر، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی.

بەر لەو کۆبوونەوەیە دوایین جار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە 12ـی حوزەیرانی 2012 کە ئەو کاتە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش و گوڵتان کشاناک کۆبوویەوە.

کۆبوونەوەی دووەمی ئەردۆغان و شاندی ئیمراڵی لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گەریلا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا بە شێوەی سیمبولی چەکەکانیان دابنێن و دواتر بگەڕێنەوە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە.

شاندی ئیمڕاڵی و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئۆجەلان

ئەم شاندە بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان دەسەڵاتدارانی تورکیا و پارتە سیاسییەکان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوای دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 پێک هێندرا.

سەرەتا هەریەک لە سڕی سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی وەک ئەندامانی شاندەکە دەستنیشان کران، بەڵام دوای ئەنجامدانی سەردانی یەکەم بۆ لای ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵی لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2024، بڕیار درا ئەحمەد تورک'یش بکرێت بە ئەندامی سێیەمی شاندەکە.

بەڵام بەهۆی نالەباری دۆخی تەندروستی و نەخۆشییەکانیەوە لە کۆی چوار سەردان تائێستا تەنیا یەک جار ئەحمەد تورک توانیوویەتی سەردانی ئۆجەلان بکات.

دوای تووشبوونی سڕی سورەییا ئۆندەر بە نۆرەی دڵ  لە 15ی نیسان، سەردانی شاندی ئیمراڵی بۆ لای ئۆجەلان لە 21ـی نیسانی 2025 ئەنجام درا و لەجێی سڕی سورەییا ئۆندەر، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان لەگەڵ پەروین بوڵدان لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە. 

گرنگترین سەردانی شاندەکە بۆ لای ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەمساڵدا ئەنجام درا کە جگە لە ئەحمەد تورک، تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، جەنگیز چیچەک، پەرلەمانتاری دەم پارتی و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ'یش بەشداریان تیادا کرد.

دوای گەڕانەوەی شاندەکەیش پەیامێکی ئۆجەلان خوێندرایەوە کە وەک بە دەمەوەهاتن بۆ دەستپێشخەرییەکەی باخچەلی داوای لە پەکەکە کرد خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت، بۆ ئەمەیش ڕەخساندنی زەمینەی یاسایی و سیاسی لە لایەن حکومەتی تورکیا بە پێویست زانی.

بە هۆی ئەوەی سڕی سورەییا ئۆندەر دوای 18 ڕۆژ لە توشبوونی بە نۆرەی دڵ گیانی لە دەستدا، 18ی حوزەیران میدحەت سانجار لە جێی سڕی سورەییا ئۆندەر کرا بە ئەندامی شاندی ئیمراڵی.  

تاکوو ئێستا واتا لە 28ی کانوونی دووەمی 2024ەوە تاکوو 6ی تەمووزی 2025، شەش جار شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلانیان کردووە و لەو ماوەیەیشدا چەند جارێک محەمەدی برای و عومەری برازای، سەردانی ئۆجەلانیان کردووە.

سەردانەکانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ لای ئۆجەلان بە دوای یەکدا لەو ڕێککەوتانەدا بوون:

28ی کانوونی دووەمی 2024، 22ی کانوونی یەکەمی 2025، 27ی شوبات، 21ی نیسان، 12ی ئایار و 6ی تەمووز. 

چارەسەری پرسی کورد؛ لە ژوورە داخراوەکانەوە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکان

جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشووی پرۆسەی ئاشتی کە دانوستانەکان لە پشت پەردە و بە نهێنی لە نێوان حکومەتی تورکیا و کورددا بەڕێوە دەچوون؛ ئەم جارە پەرلەمانی تورکیا دەکەوێتە جوڵە و بە هەموارکردنەوەی یاساکان، زەمینەی یاسایی دەڕەخسێندرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد. ئەمەش لە کاتێکدا پێگەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا بە بەراورد بە هەردوو قۆناغەکەی پێشوو زۆر بەهێزتر بووە.

جگە لە ئیی پارتی کە پارتێکی نەتەوەیی جیابۆوەیە لە مەهەپە و بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە ژمارەی کورسییەکانی لە 43 کورسییەوە کەم بووەتەوە بۆ 29 کورسی، سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تورکیا، لەگەڵ ئەوەدان پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە پەرلەمانی تورکیا چارەسەر بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەیەک پێکدەهێندرێت کە نوێنەری سەرجەم پارتە سیاسییە خاوەن کورسییەکانیش لەخۆ دەگرێت.

هەرچەند قۆناغی یەکەم (1993) و قۆناغی دووەمی پرۆسەکە (2013-2015)، گفتوگۆ و دانوستانەکان ڕاستەوخۆ لەنێوان حکومەتی تورکیا و جوڵانەوەی کورد لە باکوری کوردستان ئەنجام دەدران، بەڵام جیاواز لە هەردوو قۆناغی پێشوو ئەمجارە، هەر خودی پرۆسەکە بە دەستپێشخەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە (پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی)، دەولەت باخچەلی دەستی پێ کردووە کە هاوپەیمانیی ئاک پارتیی دەسەڵاتدارە.

ڕۆژی دووشەممە 19ـی ئایاری 2025 نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند کە شوێنی چارەسەرکردنی پرسی کورد هەم لە ڕووی سیاسی و هەم بۆ ڕەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی پەرلەمانی تورکیایە.

ئەمەش دوای ئەوە هات دەولەت باخچەلی 18ی ئایار حەوت پێشنیازی خستە ڕوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان کە لە 100 کەس پێک بێت، نوێنەری سەرجەم 12 پارتە سیاسییەکەی پەرلەمان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات.

باخچەلی هاوکات ئاماژەی بەوەیش دا کە پێویستە ئەو بڕیارانەی لیژنەکە دەری دەکات، بە دەنگی زۆرینەی ڕەها پەسەند بکرێن و دواتر وەک پڕۆژەیاسا پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێن.

هەر هەمان ڕۆژ ناوەندی ڕاگەیاندنی دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە داوای پێکهێنانی لیژنەیەک دەکەن لە پەرلەمانی تورکیا کە دەسەڵاتی تەواوی پێ بدرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد.

دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هاوشێوەی دەولەت باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەری سەرجەم ئەو پارتە سیاسییانە لە لیژنەکەدا بەشدار بن کە خاوەن کورسین لە پەرلەمان.

لای خۆشیەوە پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەی دەولەت باخچەلی دەردەبڕێت و دەڵێت: "پێویستە ئەوە بکرێت کە باخچەلی باسی کردووە و دەکرێت گفتوگۆ لەسەر ژمارەی ئەندامانی لیژنەکە بکرێت، بەڵام بە تەواوی پشتیوانی لە پێشنیازەکانی باخچەلی دەکەین بۆ ئەوەی نوێنەری تەواوی پارتە سیاسییەکان تیایدا بەشدار بن و سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات".

ئەم داواکارییەی باخچەلی گەورە بەرپرسێکی ئاک پارتی هێنایە سەر هێڵ و جەختی لەوە کردەوە تاکوو پەکەکە چەکەکانی ڕادەست نەکات، ناکرێت لیژنەیەکی لەم جۆرە پێک بهێندرێت.

زافەر ساریکایا، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە لیژنەیەکی لەم جۆرە دوای ڕادەستکردنەوەی چەکەکان پێک بهێندرێت و دەڵێت: "لەو باوەڕەدام تاکوو چەک دانەندرێن، دەرفەتی ئەوە نابێت لە پەرلەمان باس لە پرۆسەکە بکرێت. ئاک پارتی لەو باوەڕەدایە سەرەتا چەکەکان ڕادەست بکرێن".

لە بەرامبەردا باخچەلی و مەهەپە جەخت لەوە دەکەنەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، پێویستە تا زووە لیژنەکە پێک بهێندرێت. 

هەرچەند لە هەردوو قۆناغی پێشوو، هەمیشە مەهەپە دژی چارەسەرکردنی پرسی کورد وەستاوەتەوە و لەگەڵ ئەوەدا بووە بە ڕێگاچارەی سەربازی کورد سەرکوت بکرێتەوە و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش دژی پرۆسەی چارەسەری وەستاونەتەوە، کەچی جیاواز لە دوو قۆناغی پێشوو، هەم پێگەی کورد لە پەرلەمان بەهێزتر بووە و هەم پارتە سیاسییەکانیش بە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیشەوە لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسەکەدان.

جەهەپە کە موستەفا کەمال ئەتاتورک 103 ساڵ لەمەوبەر دایمەزراندووە و خاوەن 135 کورسییە لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمانی تورکیا، جەخت لەوە دەکاتەوە چی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، هاوکات هۆشدارییش دەدات کە ئەگەر ئەمە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی سیاسی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بێت، کە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید بکاتەوە، ئەوا لەگەڵیدا نابن.

تاکە پارتی سیاسیی کە خاوەن کورسی بێت لە پەرلەمان و بە هەموو جۆرێک دژی چارەسەرکردنی پرسی کورد بوەستێتەوە، ئیی پارتییە.

ئیی پارتی لە 2017 لەلایەن ژمارەیەک لە سەرکردە جیابۆوەکانی مەهەپە دامەزرێندرا و وێڕای ئەوەی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی 2023، توانی ببێتە خاوەنی 45 کورسی لە پەرلەمان، بەڵام بە هۆی کێشە ناوخۆییەکانیەوە تەنیا 29 کورسی بە دەستەوە ماوە و 14 پەرلەمانتاری سەنگەریان گواستۆتەوە ناو پارتەکانی دیکە.

کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری

لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەولەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە ڕاگەیاند کە ئەگەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا زەمینەسازی دەکەن بۆ ڕێکخستنەوەی یاساکان بە جۆرێک بتوانێت لە مافی هیوا سوودمەند بێت.

ئەمەش لە کاتێکدابوو 25 ساڵ تێپەڕببوو بەسەر زیندانیکردنی ئۆجەلان و دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوەیە، مافی پێدانی هیوا بە شایستەی ژمارەیەک لەو کەسانە دەزانێت کە بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی قورسکراو حوکم دراون 25 ساڵی تەمەنیان لە زیندان بەسەر بردووە، بەم جۆرە بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد دەکرێن.

دواتریش چەندین جار دەولەت باخچەلی جەختی لەسەر داواکارییەکەی کردووە و ئاماژەی بەوە دا لە کاتێکدا داوای ئاشتی بۆ جیهان دەکەن، تورکیا لە هەموو شوێنێک زیاتر پێویستی بە ئاشتییە و بە پێچەوانەی سیاسەتی هەمیشەیی خۆی و پارتەکەی جەخت لە یەکڕیزی کورد و تورک دەکاتەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی 2025 بە دەم دەستپێشخەرییەکەوە هات، داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و کۆنگرە ببەستێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ ئەمە لەلایەن تورکیاوە بە پێویست زانی.

لە سەرەتای مانگی ئازاریشەوە پەکەکە وەک پابەندبوون بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام لەو کاتەوە نەک تورکیا هێرشەکانی ڕانەگرتوون بۆ سەر گەریلا، بەڵکو هەزاران هێرشی ئەنجام داوە.

تا ئەم دوایییە گەورەبەرپرسانی پەکەکە جەختیان لەوە دەکردەوە لە شەڕدا ناتوانرێت چەک دابنرێت، پرۆسەکە پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەسازی و نیشاندانی نیازپاکی و کۆتایی هێنانی تورکیایە بە هێرشەکانی و پێویستە خودی ئۆجەلان کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەڕێوە ببات.

9ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا بە شێوەیەکی سەرکەوتوو کۆنگرەی 12ـی لە 5-7ـی ئایار لە دوو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوری کوردستان کە خۆی بە "هەرێمی پاراستنی مەدیا" ناوی دەبات بەستووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی لەو بڕیارانە نەکرد کە لە کۆنگرەکەدا دراون.

ڕۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025 پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا و وەک بە دەمەوەهاتن بۆ بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری دا کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.  

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی