
ستیڤ فەیگن، کۆنسوڵی پێشووی ئەمەریکا لە هەولێر
سبەی
ستیڤ فەیگن کۆنسوڵی پێشووی ئەمەریکا لە هەولێر و کاربەڕێکەری پێشووی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد، وەک بەرپرسی بەشی شارستانی ناوەندیی هاوئاهەنگی بۆ ئاگربەستی غەززە دیاریکرا. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئیسرائیلەوە گەشبینی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە غەززە نەشاردەوە، ئەگەرچی ئاگربەستی غەزە بەبێ هەوراز و نشێو نابینێت.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، دیپلۆماتکارێکی دێرینی ئەمەریکی وەک سەرۆکی لایەنی مەدەنی گروپی تایبەتی هاوئاهەنگی بۆ قۆناغی داهاتووی ئاگربەستی غەززە دەستنیشان کرد کە بڕیارە بەرپرسیارێتی لایەنی مرۆیی و شارستانی ناوەندی تایبەتی هاوئاهەنگی بۆ ئاگربەستی غەززە جێبەجێ بکات.
ستیڤ فەیگن ساڵانی 2018 بۆ 2020، کۆنسوڵی گشتیی ئەمەریکا بووە لە هەولێر، دواتر لە ساڵانی 2020 بۆ 2021 بوو بە جێگری سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغداد، دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی ئەلینا رۆمانوسکی باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا، وەک هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کاریکردووە، تا ئەوکاتەی رۆژی 2ـی ئەیلولی 2025، جۆشوا هاریس وەک کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانی ئەمەریکا لە بەغداد دەستبەرکابوو.
هاوکات لەگەڵ ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، فەیگن ساڵی 2022ـەوە وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە یەمەن و بەڕێوەبەری نووسینگەی نێودەوڵەتی ماددە هۆشبەرەکان لە بەغداد کاری کردووە.
فەیگن وەک ڕاوێژکاری سیاسی باڵیۆزی ئەمەریکا لە پاکستان و سەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئێران لە بەشی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاری کردوە.
ئەم ناوەندەی نوێیەی ستیڤ فەیگن بەڕێوەی دەبات، بنکەکەی لە نزیک غەززە دەبێت، هەفتەی رابردوو لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکاوە کرایەوە، پاتریک فرانک وەک سەرۆکی تیمی سەربازی ناوەندەکە دەستنیشانکرا.
ئەوە لە کاتێکدایە تا ئێستا ئاستی بەرپرسیارێتی و ئەرکەکانی ناوەندەکە ناڕوونە و وڵاتانی ناوچەکەش نیگەرانن لە تێکچوونی ئاگربەست و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دووبارەی جەنگ لە غەززە.
پەیوەست بە ئاگربەستی غەززە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە بە سەردانێک لە ئیسرائیلە، ڕایگەیاند: زۆر وڵات پێشنیازیان کردووە بەشێک بن لە هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ غەززە، ڕوونیشی کردەوە ئەو هێزە بەشێکی سەرەکی بووە لە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی ئیسرائیل هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکات کە لە ئاگربەستی غەززەدا رۆڵ دەگێڕن.
بە گوێرەی شارەزایانی سیاسی، پێدەچێت ئەم بەشە لە تێبینییەکانی رۆبیۆ ئاماژەیەک بێت بۆ تورکیا کە سەرەڕای ڤیتۆی ئیسرائیل لەسەر ئەوەی نابێت بەشداریی لە پرۆسەی ئاگربەستی غەززە بکات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەنقەرە بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە دانوستانەکاندا.
رۆبیۆ رایگەیاند: جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی ئاسان نابێت، بەربەست لە ڕێگاکەیدا دروست دەبێت، بەڵام دەبێت لە کۆتاییدا ئاگربەستەکە بە ئەنجام بگات".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکان لەبارەی دروستکردنی هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی بەردەوامە و پلانەکە بە زووترین کات جێبەجێ دەکرێت.
بەوتەی روبیۆ، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای دوو هەفتە لە دەستیپێکردنی پێشکەوتنی گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هۆشداریدا لەوەی پێویستە چاوەڕوانی هەوراز و نشێو و پێچ و پەنا لە ڕێڕەوی ئاگربەستەکەدا بکرێت.
وتیشی: "ئەمە باشترین و تاکە پلانە و پێمانوایە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت و هیچ پلانێکی جێگرەوە لەبەردەستدا نییە".
ڕوبیۆ دەڵێت: "دەبێت هەلومەرجێک دروست بکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر دووبارە نەبێتەوە و غەززە لە داهاتوودا شوێنێک نەبێت بۆ ئەوەی گرووپێک مەترسی لەسەر ئیسرائیل و هاوڵاتیانی خۆیان دروست بکەن".
ئەوە لە کاتێکدایە بڕیارە لە قۆناغی داهاتووی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، حەماس لە چەک دابماڵدرێت ئەو قۆناغە بە گوێرەی شارەزایانی دۆخی سیاسی ناوچەکە سەختترین قۆناغ دەبێت، چونکە حەماس بە ئاسانی ئامادە نییە دەستبەرداری چەکەکانی بێت و هێشتا ڕوون نییە چۆن دەتوانرێت هێزێکی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی بەبێ هاوکاری لەگەڵ حەماس لە غەززە جێگیر بکرێت.
