شەڕی ئۆکراینا؛ ئەوروپییەکان گۆڕانکارییان لە نەخشەڕێگاکەی ئەمەریکا کردووە

#ئۆکراینا#روسیا#ئەمەریکا#بەریتانیا#فەڕەنسا#ئەڵمانیا
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرز، نەخشەڕێگای ئەوروپییەکان لەلایەن هەرسێ وڵاتی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە ئامادەکراوە و گۆڕانکاریی و سڕینەوەی چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت
Primary Asset

ئاڵای وڵاتانی ئی-3

سبەی

وڵاتانی ئەوروپا بە نەخشەڕێگاکەی ئەمەریکا بۆ راگرتنی شەڕی ئۆکراینا رازی نین، لە بەرامبەردا گۆڕانکارییان لە چەند بەندێکی نەخشەڕێگاکەی ئەمەریکادا کردووە، ئاژانسی رۆیتەرز نەخشەڕێگای ئەوروپییەکانی ئاشكرا کردووە.

بەپێی راپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرز، نەخشەڕێگای ئەوروپییەکان لەلایەن هەرسێ وڵاتی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە ئامادەکراوە و گۆڕانکاری و سڕینەوەی چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت.

خاڵی یەکەم و دووەم وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام خاڵی سێیەم سڕاوەتەوە.

خاڵی سێیەمی وەشانە ئەمەریکییەکە: روسیا؛ وڵاتانی دراوسێ و داگیرناکات و ناتۆ لە ئێستا زیاتر فراوان ناکرێت.

لە خاڵی چوارەمی وەشانە ئەمەریکییەکەدا، ئەمەریکا نێوەندگیری دانوستانەکانی نێوان روسیا و ناتۆ دەکات، بەڵام لە وەشانە ئەوروپییەکەدا، ئەمەریکا وەک نیوەندگیر ناوی نەهێنراوە.

خاڵی چوارەمی وەشانە ئەمەریکییەکە: بە نێوەندگیری ئەمەریکا دیالۆگ لە نێوان روسیا و ناتۆ ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە ئاسایشییەکانی نێوانیان و دروستکردنی بارودۆخێک بۆ رێگەگرتن لە پەرەسەندنی ناکۆکی زیاتر، ئەوەش لە پێناو دڵنیاییدان لە ئاسایشی جیهان و بەرەوپێشچوونەکان بۆ هەماهەنگی و پەرەپێدانی ئابووری لە داهاتوودا.

خاڵی پێنجەمی گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، بەڵام خاڵی شەشەم گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ژمارەی سەربازانی ئۆکراینا بە 800 هەزار دانراوە، لە وەشانە ئەمەریکییەکەدا بە 600 هەزار دانراوە.

خاڵی حەوتەم گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، چوونی ئۆکراینا بۆ نێو ناتۆ پێویستی بە پەسەندکردنییەتی لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی ناتۆوە.

خاڵی حەوتەمی وەشانە ئەمەریکییەکە: ئۆکراینا رەزامەند دەبێت لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوورەکەی و چەسپاندنی بەندێک بۆ نەبوون بە ئەندامی ناتۆ، هەروەها ناتۆ رەزامەند دەبێت لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا ئۆکراینا نابێت بە بەشێک لە ناتۆ.

خاڵی هەشتەم و نۆیەم گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، هەروەها خاڵی 10ـیەم کە لەسەر گەرەنتییە ئاسایشییەکانی ئەمەریکایە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

خاڵی دەیەمی وەشانە ئەمەریکییەکە:  گەرەنتییەکانی ئەمەریکا:

* ئەمەریکا بۆ گەرەنتییەکەی قەرەبوو وەردەگرێت.

* ئەگەر ئۆکراینا خاکی روسیای داگیرکرد، گەرەنتی ئەمەریکا لە دەست دەدات.

* ئەگەر روسیا خاکی ئۆکراینای داگیرکرد، لە رێگەی وەڵامدانەوەی سەربازی وەڵامی دەدرێتەوە، هەموو ئابڵوقە نێودەوڵەتییەکان دەسەپێنرێنەوە بەسەریدا، ناساندنی سەرەوەرییەکانی بەسەر خاکی ئۆکراینادا هەڵدەوەشێتەوە و هەموو سوودەکانی ئەم رێککەوتنە لە دەستدەدات.

* ئەگەر بەبێ هۆکار، ئۆکراینا لە رێگەی موشەکەوە مۆسکۆ یان سەینت پێترسبێرگی کردە ئامانج، ئەوا گەرەنتییە ئاسایشییەکە بە نادروست دادەنرێت.

خاڵی چواردەیەم لە وەشانە ئەوروپییەکەدا ئەو بەندە لابراوە کە باس لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا دەکات و ئەوەی تێدا نەهاتووە، ئەمەریکا سوودمەند بێت لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا.

خاڵی چواردەیەمی وەشانە ئەمەریکییەکە: پارە بلۆککراوەکانی روسیا بەم شێوەیەی خوارەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت:

*100 ملیار دۆلار لە پارە بلۆکراوەکانی روسیا بە سەرپەرشتی ئەمەریکا لە ئۆکراینا وەبەرهێنانی پێدەکرێت.

* ئەمەریکا 50% ی قازانجی وەبەرهێنانەکە وەردەگرێت. ئەوروپا 100 ملیار دۆلاری دیکە زیاد دەکات بۆ وەبەرهێنان و بنیاتنانەوەی ئۆکراینا. پارە بلۆککراوەکانی ئەوروپا ئازاد دەکرێن. پارە بلۆکراوەکانی دیکەی روسیا بە شێوەیەکی جیاواز لە نێوان روسیا و ئەمەریکا وەبەرهێنانی لە بواری ئۆتۆمبێلدا پێدەکرێت. ئەو پارەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و ئەمەریکایە.

خاڵی 21 لەسەر خاکە داگیرکراوەکانی ئۆرکراینایە و زۆرترین مشتومڕی لەسەرە، لە وەشانە ئەوروپییەکەدا گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە. لە وەشانە ئەوروپییەکەدا هاتووە، ئۆکراینا لە رێگەی شەڕەوە خاکە داگیرکراوەکانی نەگەڕێنێتەوە، هەروەها دانوستانەکان لەسەر ئەو خاکانە دەکرێت کە شەڕی تێدایە.

خاڵی بیست و یەک لە وەشانە ئەمەریکییەکە:

* کریمیا، لوهانسک، دۆنێتسک بە دیفاکتۆ بە خاکی روسیا بناسێنرێت.

* خێرسۆن، زاپارۆژیا لەسەر بنەمای کۆنترۆڵکردنی ئێستای سوپای روسیا و ئۆکراینا بە دیفاکتۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا دەبەشدەکرێت. واتە ئەو خاکەی لە ئەو دوو هەرێمە لە ژێر کۆنترۆڵی هەر لایەکدا بێت، ئەو لایەنە دەبێتە خاوەنی.

* روسیا بەدەر لە ئەو پێنج هەرێمە دەستبەرداری هەموو ناوچەکانی دیکەی ئۆکراینا دەبێت.

* سوپای ئۆکراینا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە هەرێمی دۆنێتسک دەکشێتەوە و ئەو ناوچانە لە چەک داماڵراو دەبن، بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی بە خاکی روسیا دەناسێنرێن، سوپای روسیا ناچێتە ئەو ناوچە لە چەک داماڵراوەی هەرێمی دۆنێتسک.

هەموو بەندەکانی وەشانە ئەمەریکییەکە لەم بەستەرەدا بخوێنەرەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی