سبەی
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکاریانکردوە بەڵام چاوەڕوانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکات. ئەگەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتان جەخت لە زوو ئەنجامدانی پرۆسەکە دەکەنەوە بەڵام لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی خۆیان بێدەنگ کردووە. سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەگەر ڕوداوێک نەیەتە پێشەوە مانگی ئایار هەڵبژاردن ئەنجام دەدەرێت.
شەش ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدراوە، لە 30ـی ئایاری 2023ـشەوە دوای بڕیارێکی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کەوتنە بۆشایی یاساییەوە.
ئەگەرچی بڕیاربوو، 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام ڕۆژی 3ـی کانونی دووەمی 2024، کۆمسیۆن بە فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە ناتوانێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
ئێستا بڕیارە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەن. عومەر ئەحمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە "سبەی" ڕاگەیاند،" ئێمە لە هەموو ڕویەکەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان ئامادەین و ئامادەکارییمان کردووە تەنها ماوە وادەی هەڵبژاردن دیاری بکرێت".
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بارەی هۆکاری دیارینەکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنەوە وتی،" چاوەڕوانین دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەسەر ئەو سکاڵایانە بدات کە تایبەتن بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بە دڵنیایەوە دوای یەکلایکردنەوەی سکاڵاکان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنین".
لە مانگی ئایاری 2023ـەوە دوو سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمارکراون. زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەم و ئامانج شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگی سلێمانی لە سکاڵاکانیاندا داوایان کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان: مانگی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت
ڕۆژی 3ـی کانونی دووەمی 2024، لەگەڵ ڕاگەیاندنی وادەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، "سبەی" ئاشکرایکرد ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024، وادەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاربکرێت. دواتر فهوزی ههریری، سهرۆكی دیوانی سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان بە فەرمی زانیارییەکانی سبەی پشتراستکردەوە و ڕایگەیاند،" لە ڕۆژانی 19 تا 30ـی ئایاری 2024 ڕۆژێک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیار دەکرێت. ڕۆژی 8ـی شوباتی 2024، جهعفهر شێخ مستهفا، جێگری سهرۆكی ههرێمی كوردستان ڕاگەیاند،"ئهگهر رووداوێك نهیهتهپێشهوه مانگی ئایار ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دهكرێت".
" نزیکەی 10 وڵات پێکەوە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن"
ڕۆژی 6ـی شوباتی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق کۆبووەوە. جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆبونەوەکەدا " بەنیگەرانیەوە باسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان"ـی کرد و ڕایگەیاند،"ئەوە یارمەتیدەر نییە بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی عێراق". هەر لە کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش رۆبەرت وود نوێنەری ئەمەریکا پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووپاتکردەوە خواستی وڵاتەکەشی نەشاردەوە کە دەیەوێت لە بەهاری 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.
لە کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا هەریەک لە نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا، ڕوسیا، ژاپۆن، سویسرا، ماڵتا و ئیکوادۆر لە وتارەکانیاندا جەختیان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان کردەوە و نیگەرانی خۆیان لە دواخستنی پرۆسەکە نیشاندا.
پێچەوانەی وڵاتان، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەگەرچی هەریەک لە، پارتی، یەکێتی، گۆڕان، نەوەی نوێ، یەکگرتو و کۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی میدیای زمانحاڵن بەڵام هیچ کامیان هەڵمەتی میدیای بۆ دروستکردنی فشار ئەنجام نادەن، تەنانەت بەرپرسانی حزبەکەش تا نەکەونە دۆخێکەوە ئامادەنین لەسەر پرۆسەکە قسە بۆ میدیاکان بکەن.
مانگی تەموز تەمەنی کۆمسیۆنی عێراق هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو دەبێت
ڕۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2023، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا، تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ شەش مانگی دیکە درێژ بکاتەوە تا بتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.
بەپێی یاسایی کۆمسیۆن، ئەنجومەنى کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێن و ماوەى کارکردنیان بۆ چوار ساڵە، وادەیی یاسایی خۆیان لە 7ـى کانونى دووەمى 2024، کۆتایی دەهات. بەپێی درێژکردنەوەی تەمەنیشیان بێت وەک لە یاساکەدا هاتووە شەش مانگ تەمەنیان درێژ دەکرێتەوە. واتە لە مانگی تەموزی 2024 تەمەنی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کۆتایی دێت و دەبێت بە لایەنی کەمەوە نزیکەی 45 ڕۆژ پێش ئەو وادەیە هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.
چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژی 24ـی شوباتی ،2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەرسومێك رۆژی 1ـی تشرینی یەكەمی 2022ـی وەكو وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد بەڵام لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت یەکێتی و پارتی نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو کاتەدا.
ڕۆژی 6ـی تشرینی دووەمی 2022 بەپێی یاسا خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دەهات بەڵام ڕۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە.
ڕۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوانە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگاکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستورییە. بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کارا نەکرابوەوە بۆیە بەپێی یاسا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە کەوتە ئەستۆی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
ڕۆژی 12ـی ئابی 2023، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراق کردبوو کە ئامادەیی نیشان بدات، بۆ ئەوەی ڕۆژی 18ـی کانونی یەکەمی 2023 لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکات، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی داواکەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان ڕایگەیاند، ناتوانن لە یەک ڕۆژدا، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببەن. ئەو کاتە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کرد، 18ــی مانگی شوباتی یان ڕۆژانی دواتر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.
ڕۆژی 25ـی ئابی 2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە مەرسومێکدا داوایانکردوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 25ـی شوباتی 2024 ئەنجام بدرێت، ڕۆژی 3ـی کانونی دووەمی 2024، کۆمسیۆن بە فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە ناتوانێت لەو وادەیەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.