بەرپرسێکی ئەمەریکی: ئۆکراینا پلانەکەی واشنتنی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پەسەند کردووە

#ئەمەریکا#ئۆکراینا#شەڕ#پلانەکەی ترەمپ#راگرتنی شەڕ#روسیا
11 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ئۆکراینا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر پلانەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ روسیا، لەگەڵ ئەوەی هەندێک سەرنجی هەیە، لەبەرامبەردا زیلینسکی دەڵێت: هێشتا هەندێک کاری پێویست لەوبارەیەوە ماوە.
Primary Asset

سبەی

بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، ئۆکراینا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر پلانەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ روسیا، لەگەڵ ئەوەی هەندێک سەرنجی هەیە، لەبەرامبەردا زیلینسکی دەڵێت: هێشتا هەندێک کاری پێویست لەوبارەیەوە ماوە.

تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی ئەمڕۆ سێشەممە (25ـی تشرینی دووەمی 2025) بڵاوی کردەوە، ئۆکراینا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەو پلانە 28 خاڵییەی لە لایەن ئەمەریکاوە رادەستی کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، هەندێک وردەکاریی لاوەکی بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و ئەوانەش چارەسەر دەکرێن.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا رایگەیاندووە، لە ئەنجامی کۆبونەوەکانی دان دریسکۆل وەزیری سوپای ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا و روسیا لە ئەبو زەبی ئیمارات، بەرپرسانی کیێڤ ئەو پەیامەیان گەیاندووە.

لێدوانی بەرپرسەکەی ئەمەریکا لەکاتێکدایە، هێشتا بەرپرسانی ئۆکراینا بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو پلانەی ئەمەریکا ئاشکرا نەکردووە، لەکاتێکدا شاندێکی باڵایان لە ئەبو زەبییە و پەیوەندییان بە وەزیری سوپای ئەمەریکاوە کردووە.

پێشتر رۆستەم عومەرۆڤ، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، شاندەکەیان گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا سەبارەت بە هەندێک مەرجی سەرەکی رێککەوتنەکە لەکاتی گفتوگۆکانیان لە جنێف.

عومەرۆڤ رایگەیاندووە: پشت بە پاڵپشتیی هاوبەشە ئەوروپییەکانیان دەبەستن لە هەنگاوی داهاتوودا، ئۆکرانیا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ سەردانێکی ڤلۆدیمێر زیلینسکی بۆ ئەمەریکا بۆ تەواوکردنی رەشنوسی کۆتایی و ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. بۆ ئەوەش لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆکی ئۆکرانیا سەردانی واشنتن دەکات.

هەر لەوبارەیەوە، زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، دوای کۆبونەوەکانی جنێف، ئاسۆیەکی نوێ دەبینن دەکرێت ببنەمایەک بۆ ئاشتییەکی راستەقینە، لەگەڵ ئەوەشدا کاری زۆریان ماوە لە داهاتوودا ئەنجامی بدەن.

هاوکات، عەقید جیف تۆلبرت وتەبێژ بەناوی وەزیری سوپای ئەمەریکاوە رایگەیاند: گفتوگۆکانی نێوان شاندی ئەمەریکا و روسیا لە ئەبوزەبی بەشێویەکی باش بەڕێوەدەچێت و گەشبینن بگەنە ئەنجام.

رۆژی هەینی رابردوو پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکا دەقی پلانێکی 28 خاڵی ئەمەریکای ئاشکرا کرد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا و بڵاوی کردەوە: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵەی روسیا و ئۆکراینا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا نەخشەڕێگایەکی 28 خاڵی بۆ راگرتنی شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی پێشکەش کردووە.

پلانە 28 خاڵییەکەی ترەمپ بۆ راگرتنی شەڕی ئۆکراینا

دوو رۆژ دواتر، وڵاتانی ئەوروپا رەتیانکردەوە بە نەخشەڕێگاکەی ئەمەریکا بۆ راگرتنی شەڕی ئۆکراینا رازی بن، لە بەرامبەردا گۆڕانکارییان لە چەند بەندێکی نەخشەڕێگاکەی ئەمەریکادا کردووە.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، نەخشەڕێگای ئەوروپییەکان لەلایەن هەرسێ وڵاتی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە ئامادەکراوە و گۆڕانکاری و سڕینەوەی چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت.

ئەوروپییەکان گۆڕانکارییان لە نەخشەڕێگاکەی ئەمەریکا کردووە

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی