عێراق ناوی حیزبوڵڵا و حوسییەکانی لە لیستی تـ.ـیـ.ـرۆر سڕییەوە

#عێراق#لیستی تیرۆر#حیزبوڵڵا#ئەنساروڵڵا#حوسییەکان#پاشگەزبوونەوە
12 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 12 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دوای سێ رۆژ لە بڵاوبونەوەی بڕیارێکی لیژنەی سڕکردنی پاڵپشتی دارایی تیرۆر، عێراق ناوی هەریەک لە گروپەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەنساروڵڵای یەمەنی لە لیستی تیرۆر سڕییەوە.
Primary Asset

سبەی

دوای چوار رۆژ لە بڵاوبونەوەی بڕیارێکی لیژنەی سڕکردنی پاڵپشتی دارایی تیرۆر، عێراق ناوی هەریەک لە گروپەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەنساروڵڵای یەمەنی لە لیستی تیرۆر سڕییەوە.

مستەفا سەنەد، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نزیک لە گروپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ "لیژنەی بلۆککردنی پاڵپشتی دارایی تیرۆریستان" کۆبونەتەوە و بڕیاریانداوە ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەنساروڵڵای یەمەنی ]حوسییەکان[ لە لیستی قەدەغەکردن و سڕکردنی پاڵپشتیکارانی تیرۆر دەرهێنراون و لە ماوەی کەمی داهاتوودا بڕیارەکە چاپ دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە.

حیزبوڵڵا و ئەنساروڵڵا خرانە لیستی تیرۆرەوە

بڕیارە نوێیەکە دوای ئەوەهات رۆژی پێنجشەممەی رابردو (4ـی کانونی یەکەمی 2025) بڕیارێکی لیژنەی سڕکردنی سەرچاوەی دارایی تیرۆر بڵاوکرایەوە کە تیایدا بە فەرمی 76 کەس و 24 گروپی خستووتە لیستی تیرۆرەوە، گروپی حوسییەکانی یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانی لەناو ئەو لیستەدا کە وەک پاڵپشتی تیرۆر ناسێنراون.

لە لیستەکەدا ناوی ئەبو محەمەد جۆلانی وەک سەرۆکی دەستەی تەحریری شام گۆڕدراوە بۆ ئەحمەد حسێن شەرع.

لە بنەمادا بڕیارەکە لە ژمارە 4848ـی وەقایعی عێراقی  بڵاوکرابووەوە کە رۆژی (17ـی تشرینی دووەمی 2025) دەرچوو بوو بەڵام دوای زیاتر دوو هەفتە بڵاوکرایەوە، پاڵپشت بە بڕیارەکانی لیژنەی بلۆککردنی پاڵپشتی تیرۆر لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەرچوو بوو، ناوی 76 کەس و 24 گروپی جیاواز خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.

بەپێی بڕیارەکە لیستی پاڵپشتیکارانی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە نوێکراوەتەوە، پشتبەستن بە راپۆرتی لیژنەی بلۆککردنی دارایی و پەیوەست بە نوێکردنەوەی ناوی کەسایەتی و گروپەکانی پاڵپشتی تیرۆر و پارەدارکردنیان.

هەموارکردنەوەی ناوی جۆلانی بۆ شەرع

بەپێی بڕیارەکە ناوی ئەبومحەمەدی جۆلانی هەموارکراوەتەوە بۆ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا، کە پێشتر سەرۆکی دەستەی تەحریر شام و بەرەی نوسرە و قاعیدە بووە، ئەوەش پاڵپشت بە بڕیاری لیژنەی سزادانی بەرپرسانی داعش و قاعیدە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

بانکی ناوەندی: لیستەکە بژار دەکرێتەوە

دواى بڵاوبوونەوەى بریارەکە، لیژنەى سڕکردنى پارە و سامانى تیرۆریستان لە بانکى ناوەندى عێراق رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە کە لیستە نوێیەکە پێش بژارکردنى بڵاوکراوەتەوە و راستدەکرێتەوە.

جەختیکردووەتەوە، لیستە نوێیەکە لەسەر داواکارى مالیزیا و بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتی بووە و عێراق تەنها رەزامەندى لەسەر بە تیرۆریست ناساندنى ئەو قەوارە و کەسایەتییانە داوە کە پەیوەندیدارن بە داعش و قاعیدە.

کاردانەکان

بڵاوبوونەوەى لیستەکە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە، لیژنەى سڕکردنى پارە و سامانى تیرۆریستان لە بانکى ناوەندى عێراق رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند: لیستە نوێیەکە پێش بژارکردنى بڵاوکراوەتەوە و راستدەکرێتەوە.

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق فەرمانیکرد لێکۆڵینەوەى بەپەلە لەبارەى لیستى نوێی تیرۆرەوە بکرێت و دەڵێت: پێویستە لایەنى بەرپرس دیارى بکرێت و ئەوانەى کەمتەرخەم بوون سزا بدرێن.

بڵاوبوونەوەى لیستەکە سودانى خستە بەردەم رەخنەى توندى رکابەرەکانى، لەگەڵ گەرمبوونى ململانێی توند لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو کە سودانى هەوڵى وەرگرتنەوەى دەدات.

ئیبتیسام هیلالى پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى دەڵێت: حکومەتى ئێستا بە سەرۆکایەتى سودانى رۆژانە بە بڕیارى "هەڵە" تووشى سەرسوڕمانیان دەکات و پێویستە پاشەکشە بکات لە بڕیارى ناساندنى حیزبوڵڵا و حوسییەکان وەک دوو گروپى تیرۆریستى.

هەروەها یاسر مالیکى ئەمیندارى گشتى بزوتنەوەى بەشائیر لە تۆڕى ئێکس نوسیویەتى "باشترین رێزگرتن لە تەرم ناشتنیەتى"، لە ئاماژەیەکدا بۆ کۆتایی هاتنى ویلایەتى سودانى و سوتانى چانسى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستەکەى بەهۆى بڵاوبوونەوەى لیستەکەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی