
سبەی
ئەندامێکی فەرماندەیی گشتی هەسەدە رایگەیاند: خۆیان بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادەکردووە، بە سیناریۆی شەڕ و روبەڕوبوونەوەشەوە، ئەو هێزەی چەند ساڵێکە بە خوێن و قوربانیدان بونیاتیانناوە ئامادەنین هەڵیبوەشێننەوە.
سیپان حەمۆ، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی ئەلمۆنیتۆر رایگەیاند: کورد لە سوریا خۆی بۆ مەترسی شەڕ ئامادەکردووە، هاوکات لەگەڵ خاوبوونەوەی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق سەبارەت بە پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سوریا.
جەختی کردەوە، ئامادەنین ئەو هێزەی چەند ساڵێکە بە خوێن و قوربانیدان پێکیانهێناوە، هەڵبوەشێننەوە، بۆ ئەوەش خۆیان بۆ هەموو پێشهات و ئەگەرێک ئامادەکردووە، بە ئەگەری شەڕ و روبەڕوبوونەوەش ئەگەر بەسەریاندا بسەپێنرێت.
سیپان حەمۆ، کە سەرۆکی شاندی دانوستانی هەسەدەیە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا، رایگەیاند: دانوستانەکانیان خاوبووەتەوە و هیچ پێشکەوتنێکی نوێ بەدینەهاتووە، گرنگترین خاڵیش میکانیزمی تێکەڵکردنی هەسەدەیە بە وەزارەتی بەرگری و دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە حکومەتی دیمەشق، دیاریکردنی شێوازی تێکەڵکردن و قەبارەی هەسەدەیە لەناو سوپای سوریا، دەسەڵاتەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری یەکێکی دیکەیە لە خاڵە ناکۆکەکان.
بەوتەی فەرماندەکەی هەسەدە، فشاری دەرەکی لەسەر حکومەتی کاتی دیمەشق هەیە، بەتایبەتی لەلایەن تورکیاوە، ئەنقەرە پێیوایە هەسەدە درێژکراوەی پەکەکەیە، بەردەوام هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.
هەسەدە لیستى ناوى 70 فەرماندەى رادەستى هاوپەیمانان کرد کە دەبنە بەشێک لە سوپاى سوریا
لێدوانەکەی سیپان حەمۆ لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، هێزەکانى سوریاى دیموکرات لیستى ناوى فەرماندەکانى ئەو یەکە سەربازییانەى رادەستى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کرد کە دەبنە بەشێک لە سوپا و وەزارەتى بەرگرى و فەرماندەیی ئەرکانى سوریا و فەرماندەیی سێ فیرقە و سێ لیواى تایبەت دەکەن.
لیستەکە ناوى نزیکەى 70 فەرماندەى سەربازى هەسەدە لە خۆ دەگرێت کە بەشداریان لەشەڕى دژى داعش کردووە، ئەوەش بەپێی وتەى چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار بۆ ئاژانسى نۆرس پرێسى رۆژئاواى کوردستان.
بەشێک لەو کەسانە فەرماندەکانى ئەو سێ فیرقە سەربازییە دەبن کە تێکەڵى سوپاى سوریا دەبن و پێکدێن لە، فیرقەى جەزیرە، فورات و دێرەزوور.
لیستەکە هەروەها ناوى فەرماندەکانى سێ لیواى تایبەتى سەر بە فەرماندەیی ئەرکانى سوپا لە خۆدەگرێت و 30%ـى ئەو فەرماندانە دەبنە بەشێک لە دەستەى ئەرکانى سوریا، ئەوەش بەپێی ئاژانسەکە.
یەکێک لەو لیوایانە تایبەت دەبێت بە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بەهەماهەنگى لەگەڵ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کاردەکات لەسەرتاسەرى خاکى سوریا.
لە یەکگرتنەوە لەگەڵ سوپای سوریا پێویستە رێز لە ناسنامە و قوربانییەکانی هەسەدە بگیرێت
مانگی رابردوو و دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق و کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاتی سوریا، سیپان حەمۆ رایگەیاند: ئامادەن بۆ گرێدانی هەسەدە بە سوپای سوریای نوێوە، بەمەرجێک رێز لە ناسنامەی هەسەدە و خەبات و قوربانییەکانی بگیرێت و پارێزگاری لە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا بکرێت بە بێ جیاوازی. هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەتی سوریا ئەوە دیاری دەکات کە پرۆسەکە خێرا یان خاو، یان بە تەواوەتی سڕدەکرێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، سیپان حەمۆ راگەیاندووە: هەسەدە تەنها دامەزراوەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو هێزێکی ئامانجی سیاسی و کۆمەڵایەتی روونی هەیە، لەسەرەتاوە خەباتی دژی پەراوێزخستن و دیکتاتۆریەتی و ستەم بووە. ئەو خەباتەش بەردەوام بوو تا روخانی رژێمی بەعسی سوریا. دوای روخانی رژێم و دروستکردنی حکومەتی کاتی لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە رێککەوتنی (10ـی ئاداری 2025) ئیمزاکراوە، لەو کاتەشەوە چوونەتە دانوستانەوە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە.
تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا
سیپان حەمۆ رایگەیاندووە: ئێمە هەوڵی یەکگرتن لەگەڵ سوپای سوریا دەدەین، پێمانوایە هێزەکانی سوریای دیموکرات بناغەی بنیاتنانی سوپای نیشتیمانی نوێیە. چونکە سوپایەکی نیشتیمانی بەبێ بەشداری هەسەدە درووست نابێت. لەو چوارچێوەیەدا ئامادەیی خۆمان بۆ گرێدان بە سوپای نوێ ڕاگەیاندووە و ئەوەش ئامانجی ستراتیژی ئێمەیە.
کۆبونەوەکان لەگەڵ دیمەشق
بەوتەی سیپان حەمۆ، دوایین کۆبونەوەکانیان لە دیمەشق کەشێکی ئەرێنی بەسەردا زاڵبووە، کە بە بەشداریی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری سوریا و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی بەڕێوەچوو. بەڵام نەگەیشتوونەتە دەرئەنجامێکی بەرجەستە، بەڵکو بە ژمارەیەکی بەڵێنی زارەکی و بەبێ رێککەوتنی روون و نوسراو کۆتاییان پێهاتووە.
ئاماژەی بەوەکردوە، پێداگریان کردووە لەسەر ئەوەی ئەو کەشە ئەرێنییە بگوێزرێتەوە بۆ هەنگاوی کردەیی. بەڵام ئەو هەنگاوەیان لە دیمەشق نەبینیووە.
ڵە بکەن و نادادپەروەرییەکان چارەسەر بکەن و زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان ئامادە بکەن، ئەوا دەتوانرێت بە شێوەیەکی جیاواز سەیری حکومەتی کاتی بکرێت، نەک تەنها بۆ عەفرین، بەڵکو بۆ هەموو سوریا."
هەسەدە دەبێتە سێ فیرقەی سەربازی
لەلایەکی دیکەوە فەوزە یوسف، سەرۆکی شاندی دانوستانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی سوریای دیموکرات ئامادەیە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازییدا خۆی رێکبخاتەوە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ گرێدانی بە سوپای سوریاوە.
ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی سەربازی هەسەدە دانیشتنی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا لە دیمەشق ئەنجامداوە بۆ ووردەکاریی زیاتر لەسەر گرێدانەکە و لایەنە هونەری و کارگێڕی و تەکنیکییەکانی ئەو پڕۆسەیە.
بەوتەی فەوزە یوسف، گرێدانی هەسەدە بە سوپای سوریاوە کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر سوریا بەگشتی، چونکە بوونی هەسەدە لەناو سوپادا ئاماژەیە بەوەی سوپای سەرجەم سورییەکانە بەبێ جیاکاری و ریزپەڕی و بەهەموو پێکهاتەکانەوە لە خۆدەگرێت.
ئاسایشی رۆژئاوا دەبەسترێتەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە
سەبارەت بە دۆسیەی ئاسایشی ناوخۆ، هەسەدە و حکومەتی کاتی رێککەوتوون بەهەمانشێوەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بلکێندرێن بە وەزارەتی ناوخۆی سوریاوە وەک بەشێک لە ئاسایشی گشتی، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی و ئەرکیان لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.
بەوتەی فەوزە یوسف، هێرشەکانی سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی زۆرینە کوردنشین لە حەلەب وەک کارتی فشار دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بەکارهێنراوە، دواتر دانوستان لەنێوان هەردوولا دەستیپێکردووەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ رێککەوتنامەی یەکی نیسانی ئەمساڵ سەبارەت بە دۆسیەی ئاسایشی ئەو دوو گەڕەکە.
تێکەڵکردنەکە لەسەر بنەمای لامەرکەزییە
هەر لەبارەی پڕۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی کاتی دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دوێنێ چوارشەممە (5ـی تشرینی یەکەمی 2025) رایگەیاند: لهنێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و بهرپرسانی حکومهتی کاتیی سوریا گفتوگۆ ههیه. وڵاتانی نێوەندگیر ههن وهک ئهمهریکا و فهرهنسا. ئهوان کۆبوونهوهکان ئاماده دهکهن و بهڕێوهی دهبهن، ئێمهش وهک سورییهکان کۆدهبینهوه."
ئیلهام ئهحمهد ڕاشیگەیاند: "پێشتر بیستووتانه که له بابهتی تێکهڵکردنی هێزهکانی سووریای دیموکراتیک (قهسهده) لەگەڵ وهزارهتی بهرگری ڕێککهوتن ههیه، بهڵام هێشتا گفتوگۆی لهسهر دهکرێت. له ڕۆژانی داهاتوودا له گفتوگۆ نوێیهکاندا بابهتی تێکهڵکردنی هێزهکانی ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ وهزارهتی ناوخۆش تاوتوێ دهکرێت."
ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە، تێکەڵکردنەکە لەسەر بنەمایەکی لامەرکەزییە و ئەو هێزانە لەسەر ئەرکەکانی خۆیان بەردەوام دەبن، نەک بە تەواوەتی تێکەڵی ئیدارەی نوێ بکرێت.
